مەحموود عوسمان: رێکەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان قازانجی هەموانی لێناکەوێتەوە

"ئێران دژی مافی رەوای کورد دەوەستێ و پشتگری پرۆسەی ریفراندۆم ناکات"

K24-هەولێر

 مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری کورد دەڵێ رێکەوتنەکەی نێوان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کە بەم دواییە واژووی لەسەر کرا، قازانجی هەموانی لێناکەوێتەوە و خەڵکی کوردستان پێویستیان بەم جۆرە رێکەوتنە نییە.

مەحموود عوسمان لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان 24 رایگەیاند: "چۆن لە رابردوودا پێم وابوو رێکەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی بە قازانجی هەموان تەواو نابێ، ئەم رێکەوتنەش بەهەمان شێوە دەبینم و پێموایە دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان زەقتردەکات."

مەحموود عوسمان ئەوەشی راگەیاند: "پێویستە لە جیاتی رێکەوتنی نێوان دوو پارت یان سێ پارت لە بەرەیەکی جیادا و دژ بە بەرەیەکی دیکە، باشترە تەواوی پارتەکانی کورد لەسەر رێکەوتنێکی ستراتیجی ئیتیفاق بکەن و هەموان بەیەکەوە بەرەیەکی کوردستانی هاوشێوەی بەرەی کوردستانی پێشوو دابمەزرێنن و لەوێوە تەواوی بڕیارە گرنگەکانی تایبەت بە خەڵکی کوردستان تاوتوێ بکەن و پێویستە بڕیاری ستراتیجی بەئیتیفاقی هەموان بێ".

سەبارەت بە هەڵویستی ئێران بۆ سەربەخۆیی و پرۆسەی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان مەحموود عوسمان گوتی: "لە مێژوودا حکوومەتەکانی ئێران هەمیشە دژی پرسی کورد و دژی ئەوەش بوونە کە کورد مافی هەبێ، لە دەستووری ئێرانیش هیچ مافێکیان بە کورد نەداوە و تەنانەت لە نێو ئەو دەستوورەشدا ناوی کوردیشیان نهێناوە و ناوی کوردی هەر تێدا نییە".

لە لایەکی دیکەوە لە سەردەمی حکوومڕانی شادا کۆماری مهابادیان لەناوبرد و قازی محمەدیان لە سێدارە دا، لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا دکتۆر قاسم لۆ و شەرفکەندیان شەهیدکردن، ئێران چی خراپە بەرامبەر میللەتی کورد کردوویەتی و هیچ کات لەگەڵ مافی کورد نەبووە و ئیستاش دژی مافی رەوای کورد دەوەستێ و پشتگری پرۆسەی ریفراندۆم ناکات".

سیاسەتمەداری کورد مەحموود عوسمان پێشیوایە بەهیچ شێوەیەک ئێران نایەوێت قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ لە نزیک سنوورەکانی دابمەزرێ و تەعبیر لە ئێرادەی کورد و کوردستان بکات، لەوبارەیەوە گوتی: "وێرای ئەوەی پشتگری لە پرۆسەی ریفراندۆم ناکات، بە ئاشکرا بەرپرسانی ئێران دەڵێن سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان مەترسییە بۆ عێراق و  ناوچەکە و تەنانەت هەندێک جار دەڵێن مەترسییە بۆ سەر ئەمنی نەتەوەیی ئێرانیش، هەڵویستی ئێران ئاشکرایە بەهیچ شێوەیەک نایەوێ قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ لە نزیک سنوورەکانی دابمەزرێ و تەعبیر لە ئێرادەی کورد و کوردستان بکات".

لەبارەی بەربەستەکانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، مەحموود عوسمان دەڵێ: "هەرچەندە جوگرافیاکەمان دوژمنی ئێمەیە لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە کەس ناتوانێ بەربەست بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم دروست بکات، چونکە ئەنجامدانی پرۆسەکە لە رووی پراکتیکەوە ئاسانە، تەنها ئەوە گرنگە، کە کورد لە ناوخۆ رێک بکەوێ و هەموان یەک هەڵویست بن، هەروەها پێویستە یوئێن و بەغداش ئاگادار بکرێنەوە تا چاودێرانیان بەشداری لە پرۆسەکە بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە  ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆم بکەن، لەوانەیە ئێران لەوێ کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات".

سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی، مەحموود عوسمان دەڵێ: "بڕوام بەوە نییە پەرلەمان هیچ بڕیاردەرێکی تێدا نەبێ، بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان بڕیاردەری تێدا نییە و کەسی یەکەم تەنانەت ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکانیشی تێدا نییە، لە وڵاتانی جیهان ئەو کەسانە دەبنە ئەندام پەرلەمان کە بڕیار دەرن، پێویستە لێرەش وابێ و هەرچی سەرۆکی حزبەکانە پێویستە لە پەرلەمان کارا بن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وانییە، هەرچێ کادیری پلە سێ و چوارە بوونەتە پەرلەمنتار، بەڕای من ئەوەی کە هەمانە، بەس ناوەکەی پەرلەمانە".

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کورستان رێککەوتنێکی ستراتیجییان واژوو کرد و بە فەرمی بوونە هاوپەیمانی دیکە.

ئا: کامەران حاجی عومەر

Fly Erbil Advertisment