داهاتی مانگێکی نەوتی عێراق ئاشکرا کرا
نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 62.505 دۆلار فرۆشراوە.
K24 - هەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ، ئاماری فرۆش و داهاتی مانگی نیسانی رابردووی بڵاوکردەوە.
لە داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆدا هاتووە، کۆی هەناردەی نەوتی خاو لە تەواوی مانگی رابردوودا 88 ملیۆن و 398 هەزار و 319 بەرمیل بووە، داهاتەکەی گەیشتووەتە 5 ملیار و 525 ملیۆن و 330 هەزار دۆلار.
لە ئامارەکەدا هاتووە، کۆی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی نیسان لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور و ناوەڕاست، 85 ملیۆن و 534 هەزار و 916 بەرمیل بووە، هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکیش لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیەوە دوو ملیۆن و 863 هەزار و 403 بەرمیل بووە.
هەر بە گوێرەی ئامارەکەی کۆمپانیای سۆمۆ، تێکڕای هەناردە رۆژانە دوو ملیۆن و 947 هەزار بەرمیل نەوت بووە، نرخی هەر بەرمیلێک بە گشتی بە 62.505 دۆلار فرۆشراوە.