به‌ریتانیا داوا له كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت ده‌كات به‌ره‌نگاری "چه‌واشه‌كاری میدیایی" رووسیا ببنه‌وه
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، دۆمینیك راب، رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ده‌یه‌وێت له كۆبوونه‌وه‌ی گرووپی حه‌وتدا، په‌له بكرێت بۆ دامه‌زراندنی ئالیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده و زانیاری چه‌واشه‌كارانه، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌یان رووسیایه.
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، دۆمینیك راب، رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ده‌یه‌وێت له كۆبوونه‌وه‌ی گرووپی حه‌وتدا، په‌له بكرێت بۆ دامه‌زراندنی ئالیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده و زانیاری چه‌واشه‌كارانه، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌یان رووسیایه.
بڕیاره له دووشه‌ممه‌وه تا چوارشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت له له‌نده‌ن كۆببنه‌وه.
راب، قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نووسان كرد و گوتی: ده‌مانه‌وێت هه‌ر حه‌وت وڵات رازی بن له‌سه‌ر گرتنه به‌ری رێوشوێنی گونجاو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی درۆ، پڕوپاگه‌نده، هه‌واڵی ناڕاست و روونكردنه‌وه‌یان بۆ خه‌ڵك.
رۆژنامه‌ی سه‌نده‌ی تایمز بڵاویكردووه‌ته‌وه، له توێژینه‌وه‌یه‌كدا، كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا پاره‌ی بۆ ته‌رخانكردووه، ده‌ركه‌وتووه، هه‌ژماری ساخته بۆ لایه‌نگری رووسیا دانراوون. ئه‌و هه‌ژمارانه ده‌چن له سایت و پێگه‌ی رۆژنامه به‌ریتانییه‌كان كۆمێنت بۆ پشتیوانی رووسیا ده‌نووسن. ئامانجیانه وێ"ایه‌كی ئه‌رێنی بۆ رووسیا درووست بكه‌ن و واپیشان بده‌ن رایگشتی به‌ریتانیا پشتیوانی ده‌ستدرێژییه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌كات.
هه‌روه‌ها بڵاویكردووه‌ته‌وه، میدیای ره‌سمی رووسیا، به‌رده‌وام ئه‌و كۆمنێت و سه‌رنجانه بڵاوده‌كاته‌وه و واپیشانی ده‌دات رایگشتی به‌ریتانیا پشتیوانی له مۆسكۆ ده‌كات.
بڕیاره توێژینه‌وه‌كه رۆژی سێشه‌ممه له كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت بخرێته‌ڕوو.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له چه‌ند رۆژی رابردوودا باڵیۆزی رووسیای له له‌نده‌ن بانگ كرد و په‌یامێكی توندی پێدا له باره‌ی ئاراسته‌ی رووسیا و ئه‌و ره‌فتارانه‌ی.
هه‌روه‌ها شه‌ممه‌ی رابردوو، زیاتر له 9 ملیۆن یۆرۆی بۆ پڕۆژه‌كانی بی بی سی ته‌رخانكرد، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری چه‌واشه‌كاری میدیایی ببێته‌وه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، یه‌كه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌واشه‌كاری میدیایی سه‌ر به دیپلۆماسیه‌تی ئه‌وروپایی ئه‌م هه‌فته‌یه له راپۆرتێكدا رایگه‌یاند، رووسیا و چین هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه، بۆ لێدان له متمانه‌ی خه‌ڵك به‌و پێكوتانه‌ی له یه‌كێتی ئه‌وروپا دژی كۆرۆنا به‌كار ده‌هێنرێن.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس