راپۆرتێكی ئەمەریكا: توركیا یەكێكە لەو 3 دەوڵەتانەی زیاترین ژمارەی لە رۆشنبیرانی خستوونەتە زیندانەوە
راپۆرتەكە: لە توركیا یاسای نوێ داڕێژراون ئازادی رادەبڕین كۆت وبەند دەكات و دەسەڵاتی سەرۆك زیاد دەكات
K24 – ھەولێر:
راپۆرتێكی دامەزراوەیەكی ئەمەریكایی جەختیكردەوە لەوەی توركیا لە سێیهم وڵاته لە جیھاندا لە رووی زیندانیكردنی رۆشنبیران لە میانی ساڵی 2020، بە بێ ئەوەی ھیچ جیاوازییەكی ھەبێت لەگەڵ ساڵی 2019.
دامەزراوەی خامەی ئەمەریكا "Pen America"، كە سەر بە ھاوبەندی نێودەوڵەتی خامهی نووسەرانە، راپۆرتی ساڵی 2020ی خۆی بڵاوكردەوە لەبارە ئازادی نووسین، دامەزراوەكە لە راپۆرتی خۆیدا ئاشكرایكردووە، 273 بیرمەند و نووسەری و ئەكادیمیست لە جیھان لە زیندانەكاندان.
بەپێی راپۆرتەكە، توركیا له سێ یەكەمەكانە لە رێزبەندی دەوڵەتانی جیھان، كە رۆشنبیرانیان زیندانی كردوون. راپۆرتەكە روونیكردووەتەوە رێزبەندی توركیا لەگەڵ ساڵی رابردوو نەگۆڕاوە.
لە راپۆرتەكەدا ھاتووە: ژمارەی نووسەرانی دەستگیركراو لە توركیا كەمبووەتەوە بە بەراود لەگەڵ ساڵی رابردوو، بەڵام ھیچ باشبوون رووی نەداوە لە بارەی ئازادی رادەبڕین لەو وڵاتەدا. ھەروەھا تێیدا ھاتووە، بەلای كەمەوە 25 نووسەر و ئەكادیمیست و بیرمەند زیندانیكراون لە توركیا.
راپۆرتەكە گوتی: سەرۆكی پارتی داد وگەشەپێدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ھاوپەیمانە سیاسییەكانی رایانگەیاندووە، شەبنم كورور فینانچی، سەرۆكی یەكێتی پزیشكانی تورك دوژمنە، دوای ئەوەی رەخنەی لە سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی حكومەتی توركیا گرت بەھۆی پەتای كۆرۆناوە.
راپۆرتەكە ئاماژەی كردووە، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن لەسەر تیپی مۆسیقای "یوروم" و ئاشكرای كردووە، موزیكژەنانی "یوروم" ئێمیل یەوشیلیرماك، تۆجی تەیار و باریش یوكسیل لە ساڵی 2020 لە زینداندان.
ئیبراھیم جوكجیك لە ھەمان تیپ پاش ئەوەی 323 رۆژ مانیگرت لە خواردن، ئازادكرا و دوای دوو مانگ لە ئازادكردنی مەرجداری كۆچی دواییكرد، بەھەمان شێوەش سەبارەت بە گۆرانیبێژی سەرەكی تیپەكە، ھێلین بۆلیك، كە بەردەوام بوو لە مانگرتن لە خواردن و دوای ئازادكردنی لە تشرینی دووەمی 2019 ئەویش كۆچی دواییكرد.
بەپێی راپۆرتی ئازادی نووسین بۆ ساڵی 2020، ئاماژەكراوە بەوەی لە توركیا یاسای نوێ داڕێژراون بۆ زیادكردنی كۆت و بەند لەسەر ئازادی رادەربڕین و زیادكردنی دەسەڵاتی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان.
راپۆرتەكە ئاماژەیكردووە، یاسای لەناوبردنی تیرۆری توركیا بووەتە چەكێك دژ بە بەرھەڵستكاران بەكاردەھێنرێت، بەبیریشی ھێناوەتەوە، كەوا عوسمان كاڤالا، بەپێی ئەو یاسایە زیندانی كراوە.
ھەروەھا راپۆرتەكە گوتی: ئەو نووسەرانەی رەخنە لەسەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان و خانەوادەكەی دەگرن، ئەوانیش رووبەڕووی دادگاییكردن دەبنەوە.