هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دەکرێت
جەبار یاوەر: بڕیاردرا بە چالاککردنی تیمە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق

K24 - هەولێر
بۆ رووبەڕووبوونەوەی جموجۆڵەکانی داعش هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، بەتایبەتیش لەناوچە کوردستانییەکان.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و بە ئامادەبوونی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و جەمال ئێمینکی سوپاسالاری پێشمەرگە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەزگا هەواڵگریی و هێزە ئەمنییەکانی راسپارد، بۆ ئەوەی تەواوی هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بخەنەگەڕ.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی لە هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی لەناوچە کوردستانییەکان کردەوە.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو هەڕەشە جدییانەی تیرۆرستانی داعش کە لە ماوەی رابوورد، بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە دروستیان کردبوو، کە بووە هۆی شەهید بوونی چەند پێشمەرگەی لیوای 10ی وەزارەتی پێشمەرگە و سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی فیدراڵ، بۆیە بڕیاردرا بە زیاتر چالاککردنی هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی لیژنە هاوبەش و تیمە هاوبەشەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنتەرە هاوبەشەکانی نێوانمان و پڕکردنەوە بۆشاییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگریەکان، تا رێگربین لە دووبارە بوونەوەی کاری لەوجۆرە و زیاتر پتەوکردنی پشتێنە ئەمنییەکان و زیاد کردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان".
جەبار یاوەر، راشیگەیاندووە، مستەفا کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد و هەر یەک لە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی لە حکومەتی فیدراڵی بەشدابوون.
ئەمە لەکاتێکدایە لەم ماوەیەدا جموجۆڵی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق و ناوچە کوردستانییەکان زیادیکردووە، شارەزایانی سەربازیش هۆکاری سەرەکی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێننەوە.