ئۆباما پشتگیری لە عەبادی دەکات
"ھاوكارییەكان بۆ عێراق زیاد دەكەن"
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پشتیوانی بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربڕیووە.
سەعدحەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: "باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و مەترسییە ئەمنییەكان و شەڕی دژ بە داعش و هاوكاری نێوان واشنتۆن و بەغدا كردووە".
بە گوتەی حەدیسی: "ئۆباما پشتیوانی بۆ عەبادی دەربڕیووە بۆ تێپەڕاندانی قەیرانەكان و لەمەودواش بڕی هاوکارییەکانی زیاد دەکات بۆ دەربازبونی عیراق لەم قەیرانە داراییەی تێیكەوتووە".
ئەمە لە كاتێكدایە بارودۆخی عێراق ئاڵۆزیی زیاتری بەخۆییەوە بینیووە، رۆژی 20ی ئەم مانگە خۆپێشاندەران لە بەغدا ھەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران و نووسینگەی حەیدەر عەبادی، ھاوكات خۆپێشاندانەكە توندوتیژی لێكەوتەوە و 3 كەس كوژران و نزیكەی 100 كەسیش برینداربوون.