ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان کۆدەبێتەوە

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ "پڕۆژەی ستراتیژیی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" و ژماره‌یه‌ك ته‌وه‌ری دیكه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری بڵاویكرده‌وه‌، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (5ی ئایار/ مایۆی 2021)، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەت و به‌ ئاماده‌بوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ كاتژمێر (5)ی ئێواره‌ له‌ کۆبوونەوەکەی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران (5) بایه‌ت بخرێته‌ڕوو و گفتوگۆی له‌سه‌ربكرێت، كه‌ بریتین له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر "پێشنووسی پڕۆژەی ستراتیژیی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق" و  بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021یش بخرێته‌ڕوو.

هه‌روه‌ها خستنەڕووی پێشنووسی پڕۆژەیاسای (کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق) ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، له‌گه‌ڵ خستنەڕووی پێشنووسی پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق)، راپۆرتی تایبەت بە رەوشی پێکهاتەکانیش گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت.