رابەری بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان "کوژرا"

مەلا ئەختەر مەنسوور کەمتر لە ساڵێکە بووەتە رابەری بزوتنەوەکە

K24-هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند بە رێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان رابەری بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان مەلا ئەختەر مەنسووری کردە ئامانج و ئەگەری زۆر هەیە لەو هێرشە "کوژرابێ".

بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پیتەر کوک راشیگەیاند: "رابەری بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان مەلا ئەختەر مەنسووری و شەرڤانێکی دیکەی بزوتنەوەکە رۆژی شەممە (دوێنێ) لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەیەکی پاکستان لە نزیکی سنووری ئەفغانستان کرانە ئامانج".

پیتەر کوک لە تویتێکدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسی: "هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا و رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان مەلا ئەختەر مەنسووری کردە ئامانج و هەنگاوی هاوشێوە ئاسایشی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان زیاتر دەکات".

لای خۆیەوە سەرۆکی جێبەجێکاری ئەفغانستان عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا پێشبینی کرد رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا کوژرابێ.

عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا گوتیشی: "شەوی رابردوو چەند بەرپرسێکی ئەمریکا ئەم هەواڵەیان بە حکوومەتی ئەفغانستان راگەیاند و ئەگەری زۆر هەیە کوژرابێ".

بەپێی رۆیتەرز چەند بەرپرسێکی ئەمریکا لە واشنتن ئاشکرایان کرد کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە باشووری رۆژئاوای پاکستان و نزیکی سنووری ئەفغانستان و بە ئاگاداری سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەگەر هەیە لەو هێرشە کوژرابێ.

بە رای چاودێران کوژرانی رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان ئەگەر تەواو پشتراست بکرێتەوە کاریگەری دەبێ لەسەر دانووستانەکانی ئاشتی لەنێوان تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان، چونکە مەلا ئەختەر بە کۆسپ هەژمار دەکرا لە پێش ئەو دانووستاندنە.

مەلا ئەختەر مەنسوور کێیە؟

لەدایکبووی ساڵی 1963.

دەگوترێ خوێندنی سەرەتایی لە ناوچەیەکی پاکستان تەواو کردووە.

مەلا ئەختەر مەنسوور لە مانگی حەوتی ساڵی 2015 بووە رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان و جێی مەلا محەمەد عومەر دامەزرێنەری بزوتنەوەکەی گرتەوە. بەڵام هەڵبژاردنی ئەختەر مەنسوور لە لایەن ئەنجوومەنی شورای تاڵیبانەوە لە نێو بزوتنەوەکە ناکۆکی لێکەوتەوە.

ئا: ئا ، ف