عێراق هه‌نگاوێك به‌ رووی راكێشانی سه‌رمایه‌ی بیانیدا ده‌نێت

حكومەت بڕیاری داوە بەپێدانی ڤیزەی ھاتنە ژوورەوە لە دەروازە سنوورییەكانی عێراقی بە ھاووڵاتیانی ژمارەیەك لە دەوڵەتان

فڕۆكەخانەی بەغدا
فڕۆكەخانەی بەغدا

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، حكومەت بڕیاری داوە بەپێدانی ڤیزەی ھاتنە ژوورەوە لە دەروازە سنوورییەكانی عێراقی بە ھاووڵاتیانی ژمارەیەك لە دەوڵەتان.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئەحمەد سەحاف، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ھەموو ئەوانەی دێنە عێراق ڤیزەیان پێدەدرێت بە بێ بەرامبەر بۆ پشتیوانیكردن لە ئابووری عێراق".

گوتیشی: بڕیارەكە "هه‌موو ئەوانە دەگرێتەوە كە لە یەكێتی ئەوروپا و دەوڵەتەكانی دیكەوە دێن لەمیانی گەیشتنیان بە دەروازە سنوورییەكان بۆ ھاندانی كرانەوە بەڕووی جیھاندا".

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ئاداری رابردوو رایگەیاند، ھاوڵاتیانی 37 وڵاتی لە ڤیزە وەرگرتن بۆ ھاتنە ناو عێراق بەخشییوە و بڕیارەكەی بەپشتیوانیكردن لە "وەبەرھێنان" ناوبرد.

عێراق ھەوڵدەدات وەبەرھێنەرانی بیانی راكێشێت و كاری ھاتنیان بۆ ناو خاكی ئاسان بكات لە میانی لێخۆشبوون لە ھەندێك وڵات لە پێداویستییەكانی ڤیزە، دوای ئەوەی وەرگرتنی ڤیزە بۆ هاتنه‌ ناو خاكی عێراق رەزامەندی دەویست و ئەمیش كاتێكی زۆری دەخایاند و ھەندێك جاریش ڤیزە ھەر وەرنەدەگیرا.