عەبدولحەمید گول: بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک شیری دایک حەڵاڵە

فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) هۆشداری دەدات و رادەگەیەنێت، رێگە نادەن پرۆسەی چارەسەری ژەهراوی بکرێت و بەکارهێنانی زمانی کوردیش بە مافێکی سروشتی و حەڵاڵ دەزانێت.

عەبدولحەمید گول، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا، لە لێدوانێکدا جەختیکردەوە کە بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک شیری دایک حەڵاڵە و رێگەنادەن هیچ لایەنێک پرۆسەی چارەسەری تێکبدات یان ژەهراوی بکات.

ئەم هەڵوێستەی گول لە وەڵامی ئەو کاردانەوانەدا هات کە لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەی چەند تابلۆیەکی هاتووچۆ بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی لە دیاربەکر دروست بوون؛ ئەمەش بووە هۆی شەپۆلێک ناڕەزایەتی لەلایەن پارتە نەتەوەپەرستەکانەوە لە ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیو سەدەی وڵات دیاری کراوە، بەهێزترین رێککەوتنی کۆمەڵایەتییە لە مێژووی سیاسییاندا و لەلایەن گەلەوە پەسەند کراوە. ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێک لایەن لەم ڕێککەوتنە نیگەرانن و کەوتوونەتە کێبڕکێ بۆ ژەهراویکردنی پرۆسەکە بە هەواڵی ناڕاست.

گول روونیکردەوە، بڵاوکردنەوەی وێنەی تابلۆکانی ئامەد وەک دەستکەوتێکی نوێ، تەنیا هەوڵێکی تێکدەرییە، چونکە ئەو تابلۆیانە ساڵانێکی زۆرە لەو شارەدا هەن و هێرشکردنە سەریان بەو بیانووانە قۆستنەوەیە. هەروەها دووپاتیکردەوە کە ئەوانەی زمانی دایکی خەڵک قبووڵ ناکەن، بە رەفتارە کۆن و قەدەخەکراوەکانی سەردەمی تورکیای کۆن مامەڵە دەکەن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەبدولحەمید گول جەختی لەوە کردەوە کە لە ژێر سەرپەرشتی و رابەرایەتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سیاسەتی رەتکردنەوە و ئینکارکردن فڕێدراوەتە زبڵدانی مێژوو و پارتەکەیان بۆ پاراستنی ماف، یاسا و برایەتیی 86 ملیۆن هاووڵاتی بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان.