حووسیەکان گەرووی بابولمەندەبیان بە تەواوی کۆنتڕۆڵکرد
چەکدارانی حووسی لە یەمەن دوورگەیەکی گرنگ و ستراتیژییان لە دەریای سوور کۆنتڕۆڵ کرد، بەمەش کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەرووی نێودەوڵەتیی بابولمەندەبیان گرتە دەست.
ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" لە زاری بەرپرسێکی خۆجێیی و ژمارەیەک شایەتحاڵەوە بڵاویکردەوە، چەکدارانی حووسی ئەمڕۆ دەستیان بەسەر دوورگەی "میون"دا گرتووە، ئەم هەنگاوەش کۆتایی بە تەواوی هەوڵەکانیان هێناوە بۆ سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتی سەربازی بەسەر تەواوی گەرووی بابولمەندەبدا.
ئەو بەرپرسە خۆجێییە بۆ فرانس پرێس روونیکردووەتەوە "چەکدارانی حووسی بە چەندین بەلەم گەیشتوونەتە دوورگەی میون، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە حکوومەت دوێنێ بە تەواوی لەو دوورگەیە کشانەوە."
دوورگەی میون (کە هاوکات بە دوورگەی پێریمیش ناسراوە)، خاوەنی پێگەیەکی یەکجار هەستیار و ستراتیژییە لە جوگرافیای کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا، بە جۆرێک رێڕەوی گەرووی بابولمەندەب دابەشی سەر دوو هێڵی سەرەکیی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، شایەتحاڵەکان لە ناوچەکەوە ئاماژەیان بەوە داوە کە دوای دەستبەسەرداگرتنی دوورگەکە، چەکدارانی حووسی لە کەناراوەکانی گەرووی بابولمەندەب بڵاوەیان پێکراوە و بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە بە تەواوی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.