نرخی نەوت دابەزی
رەوانەوەی مەترسییەکان لە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کۆلۆنیال پایپلاین نرخی نەوتی دابەزاند
K24 - هەولێر
لەگەڵ رەوانەوەی مەترسییەکان لە درێژە کێشانی پەککەوتنی بۆری گواستنەوەی سوتەمەنی لە ئەمەریکا نرخی نەوت دابەزی.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی تەمموز بە رێژەی 0.82% بۆ 67.50 دۆلار دابەزی، و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی حوزەیران بە رێژەی 0.94% بۆ 64.09 دۆلار دابەزی.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کۆمپانیای کۆلۆنیال پایپلاین گواستنەوەی 2.5 ملیۆن بەرمیل سووتەمەنی وەک بەنزین، گازوایل و سوتەمەنی فڕۆکە پەکی کەوت. دوای ئەو رووداوەش کۆمپانیاکە رایگەیاند قۆناغ بە قۆناغ دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە و ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی هەفتە ئاستی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ ئاستی ئاسایی بگەڕێننەوە.