ئاگری بیره‌ نه‌وته‌كانی كێڵگه‌ی خه‌بازه‌ كۆنتڕۆڵنه‌كراوه‌

کوردستان24 نووسراوێکی نھێنی کۆمپانیای نەوتی باکوور بڵاو دەکاتەوە

K24 - كه‌ركووك:

تا ئێستا ئاگری بیرە نەوتییەکانی کێڵگەی خەبازە بەردەوامە و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوەیش ناتوانن ئاگرەکە  بكوژێننەوە و داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە تیمی فریاگوزارییان بۆ بنێرێت، بەڵام تا ئێستا بەغدا بەدەم ئەو داوایەی کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە نەچووە.

بەھۆی تەقاندنەوەی ئەو بیرە نەوتییانەیش تا ئێستا 760 ھەزار بەرمیل نەوت زیان بەر کۆمپانیای نەوتی باکوور کەوتووە.

کوردستان24 نووسراوێکی نھێنی کۆمپانیای نەوتی باکوور بڵاو دەکاتەوە، كە پێش تەقاندنەوەی بۆڕییەکان بەرپرسی ئەمنی کۆمپانیاکە بۆ پاراستنی كێڵگەكە داوای دامەزراندنی پۆلیسی کردووە.

نووسراوەکان بەشێوەی نھێنی و تایبەت لەلایەن بەڕێوبەری پۆلیسی نەوتی باکوورەوە ئاراستەی  بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیاکەی کردووە کە چەند ھەفتەیەك بەر لە تەقاندنەوەی بۆرییەکانی خەبازە، داوای دامەزراندنی 250 پۆلیسی کردووە بۆ پاراستنی بیرە نەوتییەکان، بەڵام کۆمپانیانی نەوتی باکوور ئامادەنەبووە ئەو رێژە پاسەوانە دابمەزرێنێت.

دوا بەدوای تەقاندنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی کێڵگەی خەبازە، پۆلیسی قەزا و ناحییەکان دەستگیرکردنی تۆڕێکی سەر بەداعشی راگەیاند، کە دەستیان ھەبوو لەتەقاندنەوەی بیرە نەوتییەکان، بەڕێوه‌بەری پۆلیسی قەزاوناحییەکانیش دەڵێت: "گوندەکانی سنووری کێڵگەی خەبازە بەردەوام مەترسین بۆ سەر بیرە نەوتییەکانی ئەو سنوورە".

لێژنەی نەوت وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش، بەدواداچونییان بۆ زیانەکانی کێڵگەی خەبازە کردووە، به‌ گوێره‌ی زانیارییەکان لە تەقاندنەوەی ھەردوو بیری ژمارە 18 و33 تا ئێستا،  760 ھەزار بەرمیل نەوت زیان بەر کۆمپانیانی نەوتی باکوور کەوتووە.

کێڵگەکانی باشووری کەرکووك لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای نەوتی عێراقە، کێڵگەکانی ڕۆژئاوایش لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی ھەرێمی کورستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پێشمەرگەیش کە ھاوسنووری کێڵەگەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراقن دەڵێن: "تا ئێستا داوامان لێ نەکراوە بۆرییە نەوتییەکان لە ھەڕەشەی تەقاندنەوە بپارێزین".