هێرشێکی داعش لە سنووری حەویجە تێکشکێندرا
چەکدارانی داعش لە سنووری حەویجە هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق و لە کاتی پاشەکشێکردنیشیاندا کەوتنە بۆسەیەکی هێزە ئەمنییەکانەوە.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە گوندی بورغلییەی ناوچەی دەنانیش لە سنووری حەویجە، چەکدارانی داعش تەقەیان لە خاڵێکی سەربازیی سوپای عێراق کرد.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کاتی پاشەکشێکردنیاندا، ئەو چەکدارانە کەوتنە بۆسەیەکی هێزە عێراقییەکانەوە و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لە نێوان هەردوولادا روویدا؛ دواتر چەکدارەکانی داعش هەڵاتوون و کوژراویش لە نێو ریزەکانیاندا هەبووە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا و دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە، ئەمە سێیەمین هێرشی چەکدارییە لە هەمان شوێن روودەدات. لە هێرشەکانی پێشووتریشدا، زیانی گیانی لە ریزەکانی پۆلیسی فیدراڵیدا هەبووە و کامێرایەکی چاودێریی گەرمیش لەلایەن ئەو چەکدارانەوە تێکشکێندراوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە دروست کردووە کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، بەو پێیەی چەکدارانی داعش سوود لەو ناوچە شاخاوی و کشتوکاڵییانە وەردەگرن بۆ خۆحەشاردان و ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕ. سەرەڕای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام ئۆپەراسیۆن و کێوماڵ لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن، بەڵام هێشتا شانە نووستووەکانی داعش وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر هێزە ئەمنییەکان و دانیشتووانی ناوچەکە ماونەتەوە.