وەزیری پێشمەرگە: له‌گه‌ڵ سوپای عێراق لێكتێگه‌یشتنی باشمان هه‌یه‌

لەمیانەی سەردان و بەسەرکردنەوەی بۆ هەردوو میحوەری (باشیک) و (خازر ـ موسڵ) وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، له‌یه‌كتێگه‌یشتنی باش له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

لیوا عه‌زیز وه‌یسی، فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی و شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
لیوا عه‌زیز وه‌یسی، فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی و شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

لەمیانەی سەردان و بەسەرکردنەوەی بۆ هەردوو میحوەری (باشیک) و (خازر ـ موسڵ) وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، له‌یه‌كتێگه‌یشتنی باش له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

ئەمڕۆ (13ی ئایار/ مایۆی 2021) شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری سەرۆکی دەستەی  ئەرکان و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، لە یەکەم رۆژی جەژندا سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەرۆژهەڵاتی مووسڵ کرد.

له‌و سه‌ردانه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ میحوه‌ری باشیك و خازری به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ میحوه‌ری خازر لیوا عەزیز وەیسی، فه‌رمانده‌ی گشتیی زێره‌ڤانی پێشوازی لێکرا.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ گوتی: وه‌ك وه‌زاره‌ت پشتیوانی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و لۆجیستی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و تێکشکاندن و لە ناوبردنیان.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی کۆتا سەنگەری بەرگری هێزی پێشمەرگەی لەچیای زەرتک، كرد و له‌وێ له‌ وته‌یه‌كدا داوایکرد جەژن بکرێتە هەوێنی نزیککردنەوە و رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پشتگیری و پشتیوانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ببێتە به‌ڵگه‌ی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و بونیاتنانی هێزێکی نیشتمانیی سەربەخۆیانەی سەربازی سەردەمی.

گوتیشی: دۆخی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان و هاوکار و هەماهەنگی پێشمەرگە بن، بۆ ئەمەش داوایکرد پشتیوانی دارایی و لۆجیستی و سەربازی هەمەلایەنەی پێشمەرگە بکرێت.

شۆڕش ئیسماعیل ئاشکراشی کرد، کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هاتووه‌تە ئاراوە، جێی بایەخەو هیواخوازن بگاتە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆنکریتی. کە زامنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستانی لێدەکەوێتەوە.