پۆلیسی فیدڕاڵ: دوو ناوچەی شارۆچکەی فەللوجەمان رزگار کرد

"40 ئەندامی داعشیش کوژران"

K24-هەولێر

فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند هێزە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە دوو ناوچەی دیکەی شارۆچکەی فەللوجەیان لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کرد.

فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق فەریق رائید شاکر جەودەت لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "هێزە هاوبەشەکان توانیان ناوچەکانی سبێحات لە رۆژهەڵاتی فەللوجە و سجەر لە باکووری شارۆچکەکە رزگار بکەن و 40 ئەندامی داعشیش بکوژن".

فەریق رائید شاکر جەودەت گوتیشی: جگە لەو ناوچانە "ناوچەکانی ئەلشیهابی و کارگەی شتایگەر و ئەللیفییە و ئەمبارەکانی ناوچەی گەڕمەی فەللوجە (نزیکەی 20 کم رۆژهەڵاتی فەللوجە) کارگەی چیمەنتۆ و گوندی ئالبوعۆدە و جمێلە و کارگەی رۆن و شامپۆ و ناوچەکانی ئالبوحەدید و ئالبوناسر لە باشووری گەڕمە رزگار کراون".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجەی لە رۆژئاوای عێراق لە بندەستی چەکدارانی داعش راگەیاند.

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق دوێنێ گوتی: پرۆسەی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجە عێراقی دەبێ و داوای لە دانیشتوانی فەللوجە کرد خۆ ئامادە بکەن بۆ جێهێشتنی شارۆچکەکە.

هاوکات فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق فەریق رائید شاکر جەودەت لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "20 هەزار پۆلیسی فیدڕاڵ بە پشتیوانی زریپۆش و یەکەکانی تۆپخانە گەیشتنە ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی فەللوجە بۆ ئامادەکاریی چوونە نێو شارۆچکەکە".

شارۆچکەی فەللوجە (نزیکەی 50 کم رۆژئاوای بەغدا) لە سەرەتای ساڵی 2014وە کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعش و سەرەرای هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی عێراق بۆ گرتنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام فەللوجە هێشتا لە بندەستی داعشدایە و شارۆچکەکە بە پێگەیەکی سەرەکی داعش هەژمار دەکرێت لە عێراق.

ئا: ئا ، ف