کامیرۆن: ھێشتا زۆری ماوە تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا

دڵنیایی دەداتە بەریتانییەكان

K24 - ھەولێر

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند جارێ زۆری ماوە تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا، پێشبینی دەکات کە رەنگە ساڵی 3000 ئەو کارە ببێت.

دەیڤد کامیرۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئای تی ڤی، بەریتانی سەبارەت بەبوونی تورکیا بە نوێترین ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا گوتی: "بەپێی ئەو بارودۆخەی ئێستا تورکیا تێیکەوتووە، زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی و لە نێویشیان بەریتانیا بە ئەندامبوونی ئەنقەرە رەتدەکەنەوە و ئاشکراشی کرد ئەو بابەتە، ھێشتا نەبووەتە بابەتێکی گەرم و گرنگ لە ئەجێنداکانی یەکێتی ئەورووپا".

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، دەڵێ: "یەکێك لەو خاڵانەی بەریتانییەکانی نیگەران کردووە بەرامبەر بە مانەوەیان لە یەکێتی ئەورووپا، ئەوەیە کە رەنگە تورکیا ببێتە ئەندامی نوێ لەو یەکێتییە". کامیرۆن دڵنیایی دایە بەریتانییەکان و گوتی: "تورکیا نابێتە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا".

ئەم گوتانەی کامیرۆن لەکاتێکدایە کە بڕیارە مانگی داھاتوو، وڵاتەکەی ریفراندۆم بکات، تایبەت بە مانەوەیان یان دەرچوونی لە یەکێتی ئەورووپا.