راوێژکارێکی ئەردۆغان: ئەگەری هەیە تورکیا رێکەوتنەکانی لەگەڵ ئەوروپا هەڵپەسێرێ

"ئەگەر سیاسەتە نادادپەروەرانەکەی یەکێتی ئەوروپا بەردەوام بێ"

K24-هەولێر

راوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا یجیت بۆلۆت ئاشکرای کرد کە ئەگەر "سیاسەتە نادادپەروەرانەکەی" یەکێتی ئەوروپا بەردەوام بێ ئەگەری هەیە تورکیا رێکەوتنەکانی لەگەڵ ئەو یەکێتییە هەڵپەسێرێ.

یجیت بۆلۆت ئەمڕۆ دووشەممە بە کەناڵی (TRT)ی تورکیای گوت: ئەگەر هەیە وڵاتەکەی رێکەوتنەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەڵپەسێرێ، ئەگەر یەکێتی ئەوروپا لە پەیڕەوکردنی "سیاسەتە نادادپەروەرانەکەی" لەبارەی دانووستانەکانی لەگەڵ تورکیا بەردەوام بێ.

گرنگترین پرس کە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا چەندین ساڵە دانووستانی لەبارە دەکەن پرسی ئەندامبوونی تورکیایە لە یەکێتی ئەوروپا.

ئەمە پێشهاتە دوای سەرهەڵدانی ناکۆکی لەنێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا هات لەبارەی رێکەوتنی نێوانیان کە لە برۆکسل واژوو کرا بە ئامانجی رێگەگرتن لە چوونی بەلێشاوی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا.

هۆکاری ناکۆکییەکەی نێوان ئەوروپا و تورکیا یاسای نەهێشتنی تیرۆرە لە تورکیا کە یەکێتی ئەوروپا داوا دەکات هەمواربکرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێوەرەکانی ئەوروپا بگونجێ.

بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، پێویستە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوای 20/3/2016 بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە یۆنان بۆ تورکیا بگەڕێندرێنەوە.

هاوکات بەپێی رێککەوتنەکە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هەر کۆچبەرێکی سووریا لە یۆنانەوە تورکیا کۆچبەرێکی سووریی رەوانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بەو مەرجەی ژمارەی تێکراوی ئەو کۆچبەرانە لە 72 هەزار کۆچبەر تێنەپەڕێ.

بە درێژایی ساڵی 2015 کۆچبەران بە لێشاو روویان لە وڵاتانی ئەوروپا دەکرد بە تایبەت ئەڵمانیا کە لە ساڵی 2015 بە تەنیا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری لەخۆگرت.

ئا: ئا ، ف