"نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی هێرشەکانی سەر غەززە سەرکۆنە بکات"

بڕیارە سبەی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت

دیمەنێکی بۆردومانکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیل - فۆتۆ:aa
دیمەنێکی بۆردومانکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیل - فۆتۆ:aa

K24 - هەولێر

بۆ جاری چوارەم، نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی بەیاننامەی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەی فەڵەستین دەربکات.

ریاز مەنسور، نوێنەری دەستەڵاتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بۆ جاری چوارەم، ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە، نەیتوانی بەیاننامەی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەربکات، بڕیارە سبەی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت.

هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی قووڵی خۆی، لەبارەی دۆخی مرۆیی لە غەززە دەربڕی و داوای لە رێکخراوەکان کرد، بەهانای خەڵکەوە بچن.

لە لایەکی دیکە، بەرپرسێكی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی هائارێتسی وڵاتەكەی راگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت رۆژی پێنجشەممە ئاگربەست لەنێوان تەلئەڤیڤ و غەززە رابگەیەنرێت.