پلاسخارت: یەکڕیزی کلیلی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە

"نابێ هیچ پێشمەرجێک بۆ نووسینەوەی دەستوور هەبێت"

جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق

K24 - هەولێر

لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور، جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا گوتی کە : "قووربانی زۆردراوە تا هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، بەڵام وەک هەر شوێنێکی دیکە ئازادییەکان بە ئاسانی بە دەست نایەن، و یەکڕیزی کلیلی سەرکەوتنە".

هەروەها گوتیشی: "لە عێراق بە گشتی هەموو دەستکەوتێک بە یەکڕیزی لایەنەکان بەدەست دێت، ئەو دابەشکارییەی ئێستا هەیە دەبێ سازانی نیشتمانی لەسەر بکرێت. هەرێمی کوردستان ئێستا زۆر جیاوازە، ماڵێکە زمان و ئایینی جیاوازی تێدایە، بۆیە مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ دەکرێت، کاتێک پاپا فرانسیس هاتە هەرێمی کوردستان بە چاوی خۆی ئەمەی بینی، کە ئەمە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان، ئەو جیاوازییە رێگەخۆشکەرە بۆ بەرەو پێشوەچوونی زیاتری هەرێمی کوردستان، دەبێ پارێزگاری لێبکرێت".

پلاسخارت، راشیگەیاند: "یەکڕیزی لایەنەکان دەتوانێت هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، کاتێک یەکڕیزی نەبێت پێچەوانەکەی دەبێت، هەرێمی کوردستانێکی بەهێز، عێراق بەهێز دەکات نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش".

ئاماژەی بەوەشدا: "دیموکراسی لە حوکمڕانی کاتی زۆری دەوێت، بەڵام دەبێ بەردەوام هیوامان هەبێت، بۆ ئەوەی شتەکان بخەینە سەر رێگای دروست پێویستمان بە کارکردنی زۆرە، دیموکراسیەت دەبێ کاتی پێبدرێت، بۆ ئەوەی رەگ لە زەوی دابکوتێت، دەبێ سیاسەتوانان ۆ هەمووان وەک یەک زەمینەساز بکەن، دەبێ ستراتیژیان هەبێت، کاتێک مەترسی دەکەوێتە سەر یەکڕیزی بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر شانی لایەنە سیاسییەکان کە چارەسەری بۆ بدۆزنەوە".

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی خستەڕوو: "بەبێ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و یەکڕیزی هیچ شتێک نایەتەدی، دەبێ یەکڕیزی لەناو هێزی پێشمەرگەدا هەبێت، نابێ چیتر هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆندا دابەش بکرێت، بۆ سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەبێ سازانی نیشتمانی هەبێت".

جەختیشیکردەوە: "هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی لەبەردەستە، ئەویش یەکڕیزیی و پاراستنی ئازادییەکانە، ریفۆرمە ئابووری و ئەمنییەکان بەردەوام بن و گفتوگۆی جددی دەستپێبکەن، بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کاری گەورە دەکرێت. لە ماوەی رابردوودا گفتوگۆی زۆر لەبارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کراوە، چەندین جار هەوڵی بۆ دراوە، بەڵام بەهۆی کەمی پەیوەندیی و گفتوگۆ، نەتوانراوە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوور، نووسینەوەی دەستوور هەلێکی باشە بۆ ژیانی هەموو پێکهاتەکان و دڵنیایی بۆ خەڵک دروست دەکات، بۆیە ئەگەر دەستوور بنووسنەوە، ئێستا دەستی پێبکەن، سەرکردایەتی سیاسی رەنگدانەوەی مافەکانی خەڵکە، دەستوور دەتوانێ یەکلاکەرەوەبێت کاتێک وڵات دەگاتە بنبەست، نابێ هیچ پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنەوەی نووسینەوەی دەستوور هەبێت، دەبێ خەڵک هەستبکات کە سەرکردایەتی سیاسی خزمەتی ئەوان دەکات، دەبێ ئەم متمانەیە دروستبێت".

دووپاتیکردەوە: "نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام کلیلەکان لە دەستی ئێوەدان".