پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکات

ساڵانە 500 ھەزار تۆن گەنم کۆگا دەکات

پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران - هەولێر
پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران - هەولێر

K24 - هەولێر

پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، یەکێکە لە پڕۆژە ھەرە گرنگ و ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ساڵانە 500 ھەزار تۆن گەنم کۆگا دەکات، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بەرەو تەواوو بوونە، بڕیارە  سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە سایلۆکان دەست بە وەرگرتنی گەنم بکرێت.

ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاشکرای دەکات کە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە سەروبەندی تەواو بوندایە 20 لە سایلۆکانیش ئامادەکراون، بۆ کۆگاکردنی گەنم.

شێرزاد جەعفەر، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا 20 سایلۆ بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران ئامادەکراون، کەمێک وردەکاری ماوە، لە 10 رۆژ تا 15 رۆژی دیکە هەموو کارەکان تەواودەبن و دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکرێت و گەنمەکەیان کۆگا دەکرێت".

گوتیشی: "دوای قۆناغی وەرگرتنی گەنم، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ کارگەی ئارد دەستبەکار دەبێت، دواتر کارگەکانی ساوار و بڕوش و عەلەف و بنەتۆ بەکاردەخرێن".

هەر پەیوەست بە پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ی گوت: "دڵخۆشین بەوەی کۆمپانیای جێبەجێکار بەشی زۆری پڕۆژەکەی جێبەجێکردووە، تائێستا 20 سایلۆ دروستکراون".

گوتیشی: "دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، بۆ ئەمساڵ توانرێت لە سنووری هەولێر 100 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران وەربگیرێت".

پڕۆژەکە بە جۆرێک دروست دەکرێت ساڵانە 500 ھەزار تۆن گەنم کۆگا بکات و بەکاربھێنرێتەوە بۆ ئەو پێداویستیانە کە لە گەنم دروست دەکرێت، کۆی پڕۆژەکە لە 40 سایلۆ و 11 کارگەی بەرھەمە خۆراکییەکان پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا 20 سایلۆ و 5 کارگە تەواو دەکرێت، لە قۆناغی دووەمیشدا بیست سایلۆ و  6 کارگەی دیکە تەواو بکرێت، ماوەی دوو ساڵیش دیاریکراوە بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە.