ژمارەیەک حەشارگە و تونێلی داعش لە کەرکووک تەقێنرانەوە

15 بۆمب تەقێنرانەوە و دەستبەسەر 127 مووشەک دا گیرا

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

سوپای عێراق تەقاندنەوەی ژمارەیەک حەشارگە و تونێلی چەکدارانی داعشی لە کەرکووک راگەیاند.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشەکان لە کەرکووک،  9 حەشارگە، 3 تونێل و 15 بۆمب تەقێنرانەوە و دەستبەسەر 127 مووشەک و دوو ماتۆڕسکیلی چەکدارانی داعش داگیرا".

هاوکات تەحسین خەفاجى گوتەبێژى فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاشکرایکرد، چەکدارانى داعش لە چەند ناوچەیەکى کەرکووک هەوڵى خۆڕێکخستنەوە دەدەن.

لەلایەکی دیکە دەزگای هەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگری و بە بڕیاری دادگا لە چەند شوێنێکی جیاوازی کەرکووک توانیویانە شەش داواکراو بە ماددەی تیرۆر دەستگیر بکەن، کە سەرجەمیان سەر بە رێکخراوی داعش بوون.

هەروەها ئاماژەیداوە، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بەرپرسی پشتیوانی لۆجستی چەکدارانی رێکخراوەکە بووە لە کەرکووک، یەکێکی دیکەشیان یەكێکە لە بکەرانی کۆمەڵکوژییەکەی سپایکەر و سێیەمیشیان بەرپرسی سووتەمەنی بووە لە رێکخراوەکە.

دوێنێ 19/5/2021 هێزەکانی سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیس و حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە ناوچەکانی وادی شای، وادی زەغیتون و گوندی سادە تا گوندی عەسری، لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستپێکرد.