رۆمانیا.. ده‌ستگیرا به‌سه‌ر ته‌ن و نیوێك هیرۆینی ئێرانی دا
K24 – هه‌ولێر:
هێزه ئه‌منییه‌كانی رۆمانیا له به‌نده‌ری كۆنستانتای باشووری خۆرهه‌ڵاتی وڵاته‌كه، ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر نزیكه‌ی ته‌ن و نیوێك مادده‌ی هۆشبه‌ردا، كه له ئێرانه‌وه گه‌یشتبووه كه‌ناراوی وڵاته‌كه‌یان.
داواكاری گشتیی رۆمانیا، كه به‌رپرسه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر، رایگه‌یاند، ئه‌و بڕه زۆره‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له ناو كۆنتێنه‌رێكی پڕ له كه‌لوپه‌لی بیناسازی شاردرابوویه‌وه.
روونیشیكرده‌وه، بڕی مادده هۆشبه‌ره‌كه 1452 كیلۆگرام بووه و نرخی 45 ملیۆن یۆرۆ بووه.
ئاماژه‌شی دا، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئه‌وه دووه‌م جاره له یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌و بڕه زۆره ده‌ستبه‌سه‌ر مادده‌ی هۆشبه‌ردا بگیرێت.
له شوباتی رابردوودا، پۆلیسی هۆڵه‌ندا له به‌نده‌ری رۆتردام به هه‌مان شێوه ته‌ن و نیوێك مادده‌ی هیرۆیینیان دۆزییه‌وه.