گۆتێرێس: غه‌ززه بووه‌ته دۆزه‌خی منداڵان
گۆتێرێس، داوای له ئیسرائیل كرد، رێگه بدات یارمه‌تی و كۆمه‌كی مرۆیی بگاته منداڵانی غه‌ززه، كه ماوه‌ی 11 رۆژ له ژێر ئاگربارانی ئیسرائیل‌دا بوون.
K24 – هه‌ولێر:
سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، ده‌ڵێت: غه‌ززه بووه‌ته دۆزه‌خی سه‌ر زه‌وی بۆ منداڵان.
گۆتێرێس، داوای له ئیسرائیل كرد، رێگه بدات یارمه‌تی و كۆمه‌كی مرۆیی بگاته منداڵانی غه‌ززه، كه ماوه‌ی 11 رۆژ له ژێر ئاگربارانی ئیسرائیل‌دا بوون.
دوێنێ، كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به ئاماده‌بوونی هه‌ر 193 ئه‌ندامه‌كه‌ی له باره‌ی غه‌ززه‌وه كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داوایكرد، شه‌ڕ رابگیرێت.
گوتیشی: ئه‌مڕۆ دۆزه‌خێك له‌سه‌ر زه‌وی هه‌یه، ئه‌ویش ژیانی منداڵانی غه‌ززه‌یه.
هه‌روه‌ها گوتی: كرده‌وه‌ی دوژمنكارانه زیانی زۆری به ژێرخانی مه‌ده‌نی و ژیانی خه‌ڵك له غه‌ززه گه‌یاندووه. رێگه‌كان، هێڵه‌كانی كاره‌با زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه.