بن عه‌لى يه‌ڵدرم: كار بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌ت ده‌كه‌ين
بن عه‌لى يه‌ڵدرم، راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى توركيا رايگه‌ياند، هه‌وڵه‌كانى ده‌ستپێكردووه بۆ پێكهێنانى كابينه‌يه‌كى نوێى حكومه‌ت به بێ ئه‌وه‌ى واده‌يه‌ك بۆ راگه‌ياندنى كابينه‌كه ده‌ستنيشانبكات.
K24 – هه‌ولێر:
بن عه‌لى يه‌ڵدرم، راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى توركيا رايگه‌ياند، هه‌وڵه‌كانى ده‌ستپێكردووه بۆ پێكهێنانى كابينه‌يه‌كى نوێى حكومه‌ت به بێ ئه‌وه‌ى واده‌يه‌ك بۆ راگه‌ياندنى كابينه‌كه ده‌ستنيشانبكات.
له لێدوانێكيدا بۆ رۆژنامه‌وانان بن عه‌لى گوتى: ئه‌مه يه‌كه‌م حكومه‌ت نييه له توركيا دابمه‌زرێت، له ئێستادا كار بۆ ئاماده‌كردنى ليستى ناوى وه‌زيره‌كانى ده‌كات.
رۆژى يه‌كشه‌ممه 22ى ئايار/ مايۆى 2016، پارتى دادوگه‌شه‌پێدانى ئيسلامى توركيا، بن عه‌لى وه‌ك سه‌رۆكى خۆى ده‌ستنيشانكرد. دواى ئه‌وه‌ى ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ ده‌ستى له‌كاركێشايه‌وه.
دوێنێ له وته‌يه‌كدا بن عه‌لى رايگه‌ياند، هه‌موو هه‌وڵێكى ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى سيستمى سياسى وڵاته‌كه‌ى له په‌رله‌مانييه‌وه بكاته سه‌رۆكايه‌تى.
مشتومڕى پێكهێنانى حكومه‌ت ميدياى توركياى به‌خۆوه سه‌رقاڵكردووه و له‌و چوارچێوه‌يه‌دا باسى ئه‌وه ده‌كرێت بيرات بيره‌ق زاواى ئه‌ردۆغان بكرێته جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى ئابوورى.
ده‌ستنيشانكردنى بن عه‌لى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زيران له كاتێكدايه له حوزه‌يرانى ساڵى رابردووه‌وه له كاتێكدا ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵۆ سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بوو، سوپا به چاودێرى سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته ئۆپراسيۆنێكى به‌رفراوانى بۆ سه‌ر شاره كوردييه‌كانى باكوورى كوردستان ده‌ستپێكردووه.
هه‌روه‌ها پرسى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانيى له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانى كورد بووه‌ته جێى بايه‌خى ميدياى جيهانيى و ناوخۆيى توركيا و ئه‌و ياسايه‌ش له لايه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سند كراوه و چاوه‌ڕوانده‌كرێت كه‌سايه‌تى و په‌رله‌مانتارانى كورد له توركيا رووبه‌ڕووى لێپرسينه‌وه بكرێنه‌وه به تۆمه‌تى هه‌وڵدانيان بۆ دابه‌شكردنى توركيا و زيانگه‌ياندن به سه‌روه‌رى وڵاته‌كه.