له هیندستان كه‌ڕووی ره‌ش هه‌ڕه‌شه له تووشبووانی كۆرۆنا ده‌كات
نه‌خۆشییه‌كی زۆر مه‌ترسیداره و نزیكه‌ی 9 هه‌زار حاڵه‌ت تۆماركراون.. تادێت ژماره‌یان زیاتر ده‌بێت.. دزه ده‌كاته ناو مێشكی تووشبووانی كۆرۆنا و مێشك ده‌پووكێنێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
له‌كاتێكدا ساڵانه ده‌یان حاڵه‌تی تووشبوون به نه‌خۆشی كه‌ڕووی ره‌ش له هیندستان تۆمار ده‌كرێن، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ جیاوازه و هاوكات به‌مدواییانه به‌هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی په‌تای كۆرۆنا كه ته‌نگی به‌و وڵاته هه‌ڵچنیوه، ژماره‌ی تووشبووانی ئه‌و نه‌خۆشییه بۆ زیاتر له 8 هه‌زار و 800 حاڵه‌تی ئه‌و نه‌خۆشییه تۆماركراون و له 9 ویلایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ش ئه‌و نه‌خۆشیه به په‌تا راگه‌یه‌ندراوه.
كه‌ڕووی ره‌شی كوشنده چۆنه و بۆچی به‌و رێژه زۆره له هیندستان ته‌شه‌نه ده‌كات؟
كه‌ڕووی ره‌شی زیانبه‌خش و كوشنده به‌شێوه‌یه‌كی خێرا له هیندستان له ته‌شه‌نه‌سه‌ندن دایه و تا ئێستا هه‌زاران حاڵه‌تی تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه له‌ناو تووشبووانی كۆرۆنا تۆماركراون، به‌مه‌ش دۆخی ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته تادێت هه‌ستیارتر ده‌بێت و رووبه‌ڕووی شه‌پۆلی په‌تایه‌كی دیكه ده‌بێته‌وه.
كه‌ڕووی ره‌ش چییه؟
ناوه‌نده‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان و خۆپارێزی ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، نه‌خۆشی كه‌ڕووی ره‌ش له ئه‌نجامی داڕزینی ناو خاك و مادده ئه‌ندامییه رزیوهكانی وه‌ك گه‌ڵا پووكاوهكان سه‌رهه‌ڵده‌دات.
مرۆڤ له رێگه‌ی هه‌ڵمژینی خانه‌ی كه‌ڕووه‌كان تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئامێره‌كانی شێداركردن و بوتڵی ئۆكسجین، كه ئاوی پیسیان تێدا كۆده‌بێته‌وه و ئه‌گه‌ره‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه له نه‌خۆشخانه و ماڵه‌وه‌ش زۆره.
نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌یه و پێویسته پێشوه‌خته ئاشكرا بكرێت:
به‌گوته‌ی پسپۆڕان و شاره‌زایان، پێویسته ئه‌و نه‌خۆشییه پێشوه‌خته بدۆزرێته‌وه و ئاشكرا بكرێت، چونكه بكوژه و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ، ده‌بێت ریشاڵه مردووه‌كانی له‌ش لاببرێن. هه‌ندێك جاریش پزیشكانی نه‌شته‌رگه‌ر ناچار ده‌بن لووت، چاو و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار شهوێلگهی كه‌سانی تووشبووش لاده‌به‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌ده‌ن ئه‌و كه‌ڕووه بگاته مێشك.
به‌گوێره‌ی ناوه‌نده‌كانی ئه‌مه‌ریكی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كان، كه‌ڕووی ره‌ش به نه‌خۆشییه‌كی كوشنده داده‌نرێت و زیاتر له نیوه‌ی تووشبووان ده‌مرن و تێكڕای مردنی تووشبووان به‌و نه‌خۆشییه ده‌گاته 54%.
ته‌نیا به تووشبوون، مرۆڤ له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا رووبه‌ڕووی مردن ده‌بێته‌وه. به‌ڵام له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه ناگوازرێته‌وه. ساڵانه هیندستان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌یان حاڵه‌تی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌كات. به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و نه‌خۆشییه تووشی ئه‌و كه‌سانه ده‌بێت، كه سیسته‌می به‌رگری له‌شییان له ئاستێكی یه‌كجار نزمدایه، وه‌ك ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی ئه‌ندامێكیان بۆ كراوه یانیش نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه.
بۆچی ئه‌گه‌ره‌كانی تووشبوون به كه‌ڕووی ره‌ش له تووشبووانی كۆرۆنا زیاتره؟
دوای تووشبوونی مرۆڤ به په‌تای كۆرۆنا و نه‌خۆشییه‌كانی دیكه، دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ناو له‌شی مرۆڤ به‌ناوی "گه‌رده‌لوولی ستۆكین" رووده‌دات، كاتێك ئه‌و دیارده‌یه رووده‌دات، كه سیسته‌می به‌رگری له‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆس رێژه‌یه‌كی زۆری هۆرمۆنی ستۆكین ده‌رده‌دات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی ئه‌ندام و ئۆرگانه‌كان.
له‌و حاڵه‌ته‌دا پزیشكان چالاككه‌ری "سترۆید" به نه‌خۆش ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سیسته‌می به‌رگری بۆ ڤایرۆسه‌كان كه‌م بكاته‌وه، به‌ڵام هه‌ردووكیان به‌رگری له‌ش كه‌م ده‌كه‌نه‌وه و رێژه‌ی شه‌كریش له‌ناو له‌ش زیاد ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش ئه‌و كهڕوانهی له‌سه‌ر شه‌كر ده‌ژین زیاتر گه‌شه ده‌كه‌ن.
هۆكاره‌كانی دیكه چین كه یارمه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ی كه‌ڕووی ره‌ش ده‌ده‌ن؟
نه‌خۆشانی شه‌كره، كه رێژه‌ی شه‌كر له‌ناو خوێنیان له ئاستێكی به‌رزدایه، زۆرترین مه‌ترسی تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌یان له‌سه‌ره. له‌كاتێكیشدا كه هیندستان ریژه‌یه‌كی به‌رزی تووشبووانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ی هه‌یه و هه‌ندێك له پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كان له پێدانی سترۆید به نه‌خۆشه‌كان زیاده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن، هاوكات به‌شێك له هاووڵاتیانی ئه‌و وڵاته به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رێنمایی پزیشكی هه‌ر له ماوڵه‌وه سترۆید به‌كار ده‌هێنن.
له‌مچوارچێوه‌یه‌دا پرۆفیسۆر سریناس ریدی له دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی گشتی له هیندستان روونیكرده‌وه. "به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی رێكار و رێنماییه‌كان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك ده‌ستی به به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌رمانه كردووه".
ژماره‌ی تووشبووانی كه‌ڕووی ره‌ش له هیندستان چه‌نده؟
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "هیندۆستان تایمز" كه پشتی به ئاماره فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت به‌ستووه، ژماره‌كان له‌و وڵاته ئاماژه به زیاتر له 8 هه‌زار و 800 حاڵه‌تی تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه ده‌كه‌ن.
ئیداره‌ی ویلایه‌تی ماهاراشترا رایگه‌یاند، له سنووری ویلایه‌ته‌كه‌یان زیاتر له 2 هه‌زار حاڵه‌ت هه‌یه. به‌رپرسانی ویلایه‌تی گۆجارات، كه به نیشتمانی ناریندا مۆدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته داده‌نرێت، ئاشكرایانكرد، نزیكه‌ی هه‌زار و 200 كه‌س له ویلایه‌ته‌كه‌یان تووشی نه‌خۆشی كه‌ڕووی ره‌ش بوونه، هه‌روه‌ك به‌لایه‌نی كه‌م له 9 ویلایه‌تی دیكه‌ش ئه‌و نه‌خۆشییه بۆ په‌تا گۆڕاوه و له زۆرێك نه‌خۆشخانه‌كانی ژماره‌یه‌ك شاری ئه‌و ویلایه‌تانه به‌شی تایبه‌ت به تووشبووانی ئه‌و نه‌خۆشییه كراونه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌ند تا ئیستا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه به فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌ندراون، كه به‌هۆی كه‌ڕووی ره‌شه‌وه مردوون، به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی هیندۆستان تایمز، به‌لایه‌نی كه‌م 219 كه‌س به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه و پێشبینیش ده‌كرێت، ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی مردووانی ئه‌و نه‌خۆشییه زۆر له‌وه زیاتر بێت كه ئه‌و رۆژنامه‌یه ئاماژه‌ی پێداوه.
چاره‌سه‌ر و ده‌رمانی ئه‌و نه‌خۆشییه چییه؟
كورتهێنانێكی زۆر له ده‌رمانی "ئهمفۆتریسین - B" له‌و وڵاته هه‌یه، كه به چاره‌سه‌ری كه‌ڕووی ره‌ش داده‌نرێت و حكومه‌ت و كۆمپانیاكانی درووستكردنی ده‌رمان هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ده‌رمانه به‌رز بكه‌نه‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه ئامۆلیا نیدی، چالاكوانی بواری ته‌ندروستی گوتی: پێشتر حكومه‌ت له ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ كۆگاكردنی بڕی پێویست له چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك پلازما و ریمدیسفێر شكستی هێنا و له‌گه‌ڵ كه‌ڕووی ره‌شیش هه‌مان هه‌ڵه‌ی دووباره كرده‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "كاتێك یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به كه‌ڕووی ره‌ش راگه‌یه‌ندرا، پێویست بوو حكومه‌ت ده‌ست و برد بكات" و گوتی: "نابێت خه‌ڵك بپاڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی به بڕێك ده‌رمان بگات، تا ژیانی نه‌خۆشه‌كانیان له مردن رزگار بكه‌ن".
H.B