سبەی چوار وەزیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن

سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف

K24 - هەولێر

سبەی سێشەممە 25/5/2021، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی چوار وەزیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمان کۆدەبێتەوە، گفتوگۆ لەسەر تاوانەكانی كوشتن بەگشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن دەکەن.

سامان ئەحمەد بەکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمان بە کوردستان24ی راگەیاند: "سبەی سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و تەوەرەیەکی تایبەتی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر تاوانەكانی كوشتن بەگشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن، لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت".

روونیکردەوە: "ھەر یەک لە رێبەر ئەحمەد وەیزیری ناوخۆ، پشتیوان سادق وەزیری  ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان، خانزاد ئەحمەد  ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمان بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن".

ئەم وەزیرانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی راپۆرتێک گفتوگۆ لەبارەی تاوانەكانی كوشتن بەگشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن دەکەن و وەڵامی پرسیار و سەرنجی پەرلەمانتاران دەدەنەوە.

Fly Erbil Advertisment