عێراق گوشار دەخاتە سەر ئۆپێک

بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت پێویستی بە رێککەوتن و پاڵپشتی هیچ وڵاتێک نییە

ئۆپێك
ئۆپێك

K24 - هەولێر

لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکات، بەغدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هەناردەکاری نەوت تۆکمەتر بکات، لیژنەیەک بۆ دانوستاندن لە رێکخراوی ئۆپێک پێکبهێنێت.

بەهائەدین نوری، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە رایگەیاند، بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت پێویستی بە رێککەوتن و پاڵپشتی هیچ وڵاتێک نییە، چونکە بڕیارێکی نیشتمانییە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، عێراق دەتوانێت تیمێکی دانوستاندنکار لە وەزارەتی نەوت و لیژنەی وزە لە پەرلەمان پێکبهێنێت، کە دیدگایەکی هاوبەشیان هەبێت بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر رێکخراوی ئۆپێک، تاوەکو ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەرزبکەنەوە.

هاوکات دەشڵێت، عێراق چەندین ساڵە لە بە بازاڕکردنی نەوت بێ بەشە بەتایبەت لە ساڵانی 1991 تاوەکو 2003، کە پشکەکەی لە بازاڕ لە لایەن ولاتانەی دیکەوە دەقۆسترایەوە، بۆیە پێویستە عێراق گوشارەکانی بەو ئاراستەی زیادبکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەرزبکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، پلانیان هەیە توانای هەناردەکردن بۆ 6 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرزبکەنەوە.