هێڤیدار ئه‌حمه‌د: كێشه‌ی دواكه‌وتنی مووچه له‌به‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی سلێمانییه
"80%ی پڕۆژه‌ی چاكسازی لای وه‌زیری داراییه و چه‌ندین جار داوای لێكراوه بێته په‌رله‌مان، كه‌چی ئاماده نییه بێته به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی"
K24 - هه‌ولێر:
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، داوا له حكومه‌ت ده‌كه‌ین روونكردنه‌وه له‌سه‌ر دواكه‌وتنی مووچه و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی سلێمانی بدات، كه بۆچی بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی ناگه‌ڕێندرێته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە 80%ی پڕۆژه‌ی چاكسازی لای وه‌زیری داراییه و چه‌ندین جار داوای لێكراوه بێته په‌رله‌مان، كه‌چی ئاماده نییه بێته به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی.
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی گوتی: "به‌دواداچوونێكی جددیمان كردووه له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان، كه چاره‌نووسی چی به‌سه‌ردێت، ئێستا ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ملیۆنێك و 270 هه‌زار و 70 كه‌سه، ئایە چاره‌نووسی ئه‌و مووچه‌خۆرانه چییه؟، له‌به‌رچی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دواكه‌وتووه، كێشه‌كه‌ی چییه؟، به‌دواداچوونمان بۆ كردووه و داوامان كردووه وه‌ڵامی ئه‌مه بۆخه‌ڵك ئاشكرا بكرێت".
گوتیشی: "له په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆیه‌كی زۆر جددی كراوه و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كردووه، به‌دواداچوونمان بۆ ئه‌وه كرد كە بۆچی مووچه له واده‌ی دیاریكراوی خۆی دواكه‌وتووه؟، ئه‌وه‌ی روونبووه‌ته‌وه، ئەوەیە كە كێشه هه‌یه له كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو مانگێك هه‌موو ئه‌و داهاته‌ی له پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك هه‌یه، بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م مانگه حكومه‌تی هه‌رێم داوای داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه، كه زۆرترین مووچه‌خۆری حكومه‌ت له سلێمانییه، زۆرترین خانه‌نشینان له سلێمانییه، زۆرترین خانه‌نشینی سه‌ربازی و پله‌ی مه‌ده‌نیش هه‌ر له سلێمانییه، داوای 80 ملیۆن دۆلار كراوه".
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پێویسته دادپه‌روه‌ری له دابه‌شكردنی مووچه هه‌بێت، له‌هه‌مانكاتیشدا دادپه‌روه‌ری له كۆكردنه‌وه‌ی داهاتیشدا هه‌بێت، تا ئێستا داهاتی ئه‌و سنووره نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، هه‌رچه‌نده فشارێكی زۆر له‌سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئیداره‌ی سلێمانی هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی حكومه‌ت بگه‌ڕێننەوه، تا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكرێت، تا ئێستا 50 ملیار دیناری ناردووه، كه ده‌كاته 38 ملیۆن دۆلار، له‌كاتێكدا ده‌بێت هه‌موو مانگێك 80 ملیۆن دۆلار بخاته ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمەوە".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێشتر ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم دانیشتوون، كه وه‌زیری دارایی‌ش له‌و دانیشتنه‌دا ئاماده بووه، باسی بڕیاری لێبڕینی 21% كراوه، بڕیاریان داوه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وكات هیچ له په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی یان گۆڕان ئاماده نه‌بوو پرسیار یان داوایەك بكات، كه بڵێت قه‌بووڵ ناكه‌ین لێبڕین هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاره له‌و وڵاته هه‌یه، كه‌چی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه دێن له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی قسه‌یه‌كی دیكه ده‌كه‌ن".
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی ئاشكرای كرد، قوباد تاڵه‌بانی و تیمی یه‌كێتی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆچی داوایان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نه‌كرد، كه بۆچی بڕیاری داوه 30 رۆژ جارێك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بدرێت، ئه‌ی نازانێت له سنووری ئه‌ولا پێمان ناكرێت مانگانه ئه‌و پاره‌یه بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت بنێرین، له‌كاتێكدا 7 ده‌روازه‌ی سنووری له پارێزگای سلێمانی هه‌یه، له‌كاتێكدا
ئێستا به‌شێكی یه‌كێتی دەڵێن، "ئه‌و وه‌زیرانه‌ی یه‌كێتی كە ئێستا له حكومه‌ت هه‌ن، هی ئێمه نین، پێویسته گۆڕانكاری بكه‌ین"، ناكرێت كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ببه‌ستییه‌وه به كێشه‌یه‌كی ناوخۆی حزبی، كه په‌یوه‌ندی و ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو كوردستان.
ئاشكراشی كرد، له چه‌ند رۆژی داهاتوو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان دێته په‌رله‌مانی كوردستان، ئێمه وه‌كو په‌رله‌مانتار نووسراوی فه‌رمیمان كردووه له‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتووان، داوامان كردووه، به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌مه‌ودوا قه‌بووڵ ناكه‌ین، بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به 43% بۆ ئیداره‌ی سلێمانی و 57% بۆ ئیداره‌ی هه‌ولێر و دهۆك خه‌رج بكرێت، به پێی نووسراوی فه‌رمی دانیشتوانی هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی هه‌ڵه‌بجه 36.75% ده‌بێت، به چ مافێك 43% له بودجه‌ی هه‌رێم وه‌رده‌گرن، به چ مافێك پاره له قوڕگی پارێزگای دهۆك و پارێزگای هه‌ولێر ده‌ربێنن و بڵێن "هی خۆم بۆ خۆم، هی تۆش ده‌خۆم"، ئه‌مه له‌كوێی دوونیا هه‌یه.
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، روونیشكرده‌وه، په‌رله‌مانتار هه‌یه له ناو هۆڵی په‌رله‌مان هاوار ده‌كات، كه نابێت حكومه‌ت لێبڕینی 21% له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكات، كه‌چی خۆیان ئاماده نین به‌شداری له كۆكردنەوەی داھات و زوو دابه‌شكردنی مووچه‌دا بكه‌ن، كه‌چی زۆرترین پاره‌ش كه مانگانه 400 ملیار دیناره، بۆ سلێمانی ده‌چێت، بۆیه پێویسته هه‌موو داهاتی هه‌رێم بێته‌وه ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت و به دادپه‌روه‌رانه دابه‌ش بكرێت.
روونیشكرده‌وه، ئه‌مه بابه‌تێكی جددیه، له لیژنه‌ی دارایی گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لیژنه‌كان كردووه، داوامان له حكومه‌ت كردووه، كه تیمێكی بەهێز درووست بكرێت، داوا له‌سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌م ئه‌و هێزه‌ی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه درووست ده‌كرێت، سه‌ره‌تا بۆ ده‌روازه‌ی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل ره‌وانه بكرێت، بچنه فیشخابوور، بچن بۆ حاجی ئۆمه‌ران، با ئه‌و قاچاغچییه‌تییه‌ی هه‌یه له هه‌ر شوێنێكه، با رێگری لێبكرێت، بۆچی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كوردستان قاچاغچییه‌تی بكرێت.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی باسی له‌وه‌ش كرد، دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، بڕیاری چاكسازی دراوه، خه‌ڵك حه‌قی خۆیه‌تی بپرسێته‌وه ئایە پاره‌ی ئه‌و چاكسازییه چی لێهات؟،لە 80% چاكسازی له‌لای وه‌زیری داراییه، كه له پشكی گۆڕانه، كه گوتیان به هۆی چاكسازییه‌وه دێنه حكومه‌ت، وه‌زیری دارایی كه 80%ی چاكسازیی لای ئه‌وه، دەبێت لێی بپرسن چی كردووه؟، لە 10%ی چاكسازی لای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه، كه وه‌زیره‌كه‌ش یه‌كێتیە، لێی بپرسن چیت كردووه؟، لە 5%ی چاكسازی لای وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه، لە 5%یش لای وه‌زاره‌تی ناوخۆیه، كه باسی داده‌په‌روه‌ری ده‌كرێت، ناچارین بێین هه‌موو ئه‌و راستییانه ئاشكرا بكه‌ین، كه كێن درۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن، ناڕاستی ده‌ڵێن، چه‌واشه‌كاری بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
ھەر سه‌باره‌ت بە چاكسازی باسی له‌وه‌ش كرد، وه‌زیری ناوخۆ له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی گوتی، هێزێك هه‌یه ناهێڵێت هێزی هاوبه‌شی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه درووست ببێت، رێگری له چاكسازی ده‌كات، هه‌رچه‌نده ئه‌و نه‌یگوت، به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم ئه‌وەی رێگریی دەكات یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه، خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت ئه‌م راستییانه بزانێت، باخه‌ڵك بزانێت لە 80%ی چاكسازی لای وه‌زیری داراییه، چه‌ندین جار داوای لێكراوه بێته په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام ئاماده نییه بێته به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی.
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جه‌ختی كرده‌وه، وه‌ك فراكسیۆنی پارتی داوایان له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردووه، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە حكومه‌ت بێته په‌رله‌مان و روونكردنه‌وه بدات، بۆچی مووچه‌ی ملیۆنێك و 270 هه‌زار و 70 كه‌س نادرێت؟، بۆچی هه‌موو داهاتی كوردستان نایه‌ته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی؟، بۆچی زۆرترین مووچه‌خۆر له سلێمانی هه‌یه، كه‌چی داهاتی حكومه‌ت ناگه‌ڕێننه‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی؟، بۆچی زۆرترین خانه‌نشینی له سلێمانییه هه‌یه، كه‌چی پاره ناهێننه‌وه به خه‌زێنه؟.