ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان و دوو پڕۆژە یاسای پەسەند کرد

ده‌رماڵه‌كان رێكده‌خرێنه‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی 26/5/2021
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی 26/5/2021

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 26 ی ئایاری 2021 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجامدا.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە پێویستە خەرجکردنی دەڕماڵەی ئەوانەی شایستەن پارێزراو بێت و دادپەروەریی ھەبێت لە خەرجکردنی دەڕماڵەکان و جێگیر بکرێت بۆ ئەوانەی بە پێی یاسا بەرکارەکان شایستەن.

بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی داهاتە ناوخۆییەکان و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردنیان و ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئاستی پابەندیی وەزارەتەکان و پێداچوونەوە بە ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان .

پاشان ئەنجومەنی وەزیران هەردوو ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان) بە ئاراستەی هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی لە وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ ڕێکخستنی کەرتی دڵنیایی وچاودێریکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە بواری چالاکیەکانی دڵنیایی لە هەرێم و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان) پەسەند کرد، کە ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژە یاسایە، ڕێکخستن وهاندانی کەرتی تایبەتە بۆ بەرهەمهێنانی بنەتۆ و شەتڵ وهاوردەکردنی بنەتۆ لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاودا.