قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی دووەم كۆبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەى وشکە ساڵى دەكات
لەکۆبوونەوەکەدا پێداویستییەکانی هەر سێکتەرێک بەپێى ناوچە و پارێزگاکانی هەرێم و میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەى وشکە ساڵى خرایەڕوو، لەمبارەیەوە پێشنیازی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ کرا و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا
K24 – ههولێر:
بەمەبەستی جێبەجێكردنی پلانی رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی، بۆردێكی باڵا بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران پێكھێنراوه و ئهو بۆرده تاوتوێی پلانی بهرهنگاربوونهوهی وشكهساڵی دهكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26/5/2021، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و لایەنە پەیوەندیدارەكان، دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە رووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی لەهەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا و لەبەر رۆشنایی بڕیارەکانی یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە رووبەڕووبونەوەى ئەو دیاردەیە، تاوتوێى ئەو کاریگەرییانە کرا کە وشکەساڵى لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا درووستی دەکات.
لەمبارەیەوە د.هەڵۆ عەسکەرى راوێژکارى تایبەتی جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیران راپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر چۆنێتی رووبەڕووبونەوەى وشکەساڵی و کەمکردنەوەى زیانەکانی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆکرا دەربارەى چۆنێتی دەستپێکردنی قۆناغەکانی رووبەڕووبوونەوەى دیاردەى وشکەساڵى، لەوبارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیران رایگەیاند، دەبێ هەنگاوی بەپەلە بگرینەبەر و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێكی تۆكمە ھەبێت بۆ دابینكردنی ئاوی پاك بۆ ھاووڵاتیان.
هاوکات لەکۆبوونەوەکەدا پێداویستییەکانی هەر سێکتەرێک بەپێى ناوچە و پارێزگاکانی هەرێم و میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەى وشکە ساڵى خرایەڕوو، لەمبارەیەوە پێشنیازی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ کرا و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆردێکی سەرەکی بۆ رووبەڕووبونەوەى وشکەساڵى بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیران و بۆردێکی لاوەکی لەسەر ئاستی پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکانیش دروست بکرێت.
بڕیاریش درا کە رێکارى پێویست بۆ رێگرى لەبەفیڕۆدانی ئاو لەهەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر.



