میلیشیاکانی عێراق پەنجەی تۆمەت بۆ کازمی درێژ دەکەن

کازمی بە پەلکێشکردنی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بۆ پێکدادان لەگەڵ حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکرێت

چەکدارانی حزبوڵڵای عێراق
چەکدارانی حزبوڵڵای عێراق

K24 - هەولێر

میلیشیای کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، مستەفا کازمی بە پەلکێشکردنی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بۆ پێکدادان لەگەڵ حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکات.

میلیشیای کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی، بە پەلکێشکردنی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بۆ پێکدادان لەگەڵ حەشدی شەعبی  تۆمەتبار کرد.

هاوکات، ئەبوعەلی عەسکەری، سەرکردەی ئەمنی گرووپەکە رایگەیاند "هەفتەیەک دەبێت، کازمی و ئەحمەد ئەبو رەغیف و تیمێکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەی خەریکی دانانی پلانی رفاندنی سەرکردەی حەشد، قاسم موسڵیحن".

پەیوەست بە گرژییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی ئەبوئەلاء وەلائی، ئەمینداری گشتی كەتائیب سەیدولشوهەدا گوتی "گێچه‌ڵكردن به‌ حه‌شدی شه‌عبی، مایەی نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌ و ده‌كرێت رێگه‌خۆشكه‌ر بێت، بۆ بەپەلە پێكهێنانی حكومه‌تێكی دیکە".

ئەمەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ 26/5/2021، گرژی کەوتە نێوان دژەتیرۆری عێراق و ‌حەشدی شەعبی، قاسم مه‌حموود كه‌ریم موسڵیح، ناسراو به‌ "قاسم موسڵیح خه‌فاجی"، كه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بووه‌ له‌ ئه‌نبار لەلایەن دژەتیرۆری عێراق دەستگیرکرا.

Fly Erbil Advertisment