نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: ئه‌وروپا به‌رپرسیاره له گیانله‌ده‌ستدانى كۆچبه‌ران
به‌شێكى زۆری به‌رپرسیارێتى مردنى ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ى، كه به رێگه‌ى ده‌ریاوه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بگه‌نه ئه‌وروپا، له ئه‌ستۆی وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپایه
K24 – هه‌ولێر:
نووسینگه‌ى مافى مرۆڤى سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له یه‌كێتى ئه‌وروپا رایگه‌یاند، به‌شێكى زۆری به‌رپرسیارێتى مردنى ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ى، كه به رێگه‌ى ده‌ریاوه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بگه‌نه ئه‌وروپا، له ئه‌ستۆی وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپایه.
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له راپۆرتێكى تازه‌دا رایگه‌یاندووه، ساڵانه كۆچبه‌ران له رێگه‌ى كه‌شتى و به‌له‌مى بچووك له ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ره‌و ئه‌وروپا بپه‌ڕنه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی گیان له‌ده‌ستدانیان و پێویسته كار بۆ پاراستنی گیان و ژیانیان بكرێت.
راپۆرته‌كه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تیشكى خستووه‌ته سه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانى وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا له كرده‌ى رزگاركردن و به‌هاناوه‌چوونى كۆچبه‌ران.
له‌هه‌مانكاتدا رێكخراوێكى مرۆیی ئیسپانى هه‌ندێ وێنه‌ى كۆچبه‌رانى مردووى ژن و منداڵى له كه‌ناراوه‌كانى لیبیا بڵاو كردووه‌ته‌وه كه هه‌وڵیانداوه بپه‌ڕنه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا، به‌ڵام گیانیان له‌ده‌ستداوه، له‌نێویاندا ته‌رمی ژنێك و منداڵێك كه نیوه‌یان له‌ژێر لمه و نیوه‌كه‌ى تریش له‌ده‌ره‌وه‌یه، بووه‌ته جێی نیگه‌رانى راىگشتى، به پێى ئاماره‌كانیش 723كه‌س له ده‌ریاى ناوه‌ڕاست به‌هۆكارى هه‌وڵدان بۆ په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا تا ئێستا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
لورا لانوزا سه‌رۆكى به‌شى گه‌یاندن له رێكخراوێكى ئیسپانى رایگه‌یاند، ئێمه له‌حاڵه‌تى شۆكداین، كاتێك ده‌بینین خه‌ڵك له‌هه‌وڵى جددیدایه بۆ راكردن له لیبیا، ئێمه‌ش ناتوانین بیانگه‌ڕێنینه‌وه، ده‌بێت كرده‌ى رزگاركردن و فریاگوزاری له‌نێو ده‌ریا هه‌بێت بۆ پاراستنى گیانى كۆچبه‌ران.
له‌باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌ى قوربیانیانى ده‌ریاى ناوه‌ڕاست، ماریۆ دراگى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیتاڵیا رایگه‌یاند، وێنه‌ى شیرهخۆرو ژنه مردووه‌كانم بینى كه هه‌وڵیانداوه كۆچبكهن به‌ره‌و ئه‌وروپا، ئه‌مه مایه‌ى قبووڵ كردن نیه.