سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای عێراق: قاسم موسڵیح ئازاد نه‌كراوه و ده‌ستبه‌سه‌ره
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای حكومی عێراق، به سایتی "الحرة"ی ئه‌مه‌ریكایی راگه‌یاندووه، قاسم موسڵیح، فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له ئه‌نبار، ئازاد نه‌كراوه و ده‌ستبه‌سه‌ره.
K24 – هه‌ولێر:
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی میدیاكانی لایه‌نگری حه‌شدی شه‌عبی بڵاویانكرده‌وه، ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای حكومی عێراق، به سایتی "الحرة"ی ئه‌مه‌ریكایی راگه‌یاندووه، قاسم موسڵیح، فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له ئه‌نبار، ئازاد نه‌كراوه و ده‌ستبه‌سه‌ره.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، ره‌تیكرده‌وه، ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه راست بن، كه هه‌ندێك سایت و كه‌ناڵی خۆجێی له باره‌ی ئازادكردنی قاسم موسڵیح بڵاویان كردووه‌ته‌وه.ئه‌و سه‌رچاوه‌یه روونیكرده‌وه، قاسم موسڵیح، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ئه‌نبار، له زیندانی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانه و له لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییدا دانی به‌وه‌دا ناوه، كه تێوه‌گلاوه له سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران.
فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان پێكدێت له نوێنه‌رانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، وه‌زاره‌تی به‌رگری، وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ده‌زگای دژه تیرۆر، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی، ده‌زگای هه‌واڵگری، فه‌رمانده‌یی هێزی وشكانی، فه‌رمانده‌یی به‌رگری ئاسمانی، فه‌رمانده‌یی فڕۆكه سه‌ربازییه‌كان، فه‌رمانده‌یی هێزی ئاسمانی، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
سه‌رچاوه باڵاكه دووپاتیكردووه‌ته‌وه، دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه، دۆسیه‌ی قاسم موسڵیح ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت.
له باره‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی هه‌ندێك كه‌ناڵی خۆجێی به پشت به‌ستن به تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویان كرده‌وه، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتی: ئه‌وانه ته‌نیا ده‌نگۆ و پڕوپاگه‌نده‌ن.
كوردستان24، له ناو میدیای كوردیدا، به وردییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌واڵی ده‌ستگیركردن و بانگه‌شه‌ی ئازادكردنی قاسم موسڵیحی كرد و به پشت به‌ستن به سه‌رچاوه نزیك و ئاگاداره‌كان و په‌یامنێری له شاری به‌غدا بڵاویكرده‌وه، كه قاسم موسڵیح ئازاد نه‌كراوه، به‌ڵكو راده‌ستی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان كراوه، كه حه‌شدی شه‌عبی تێیدا ئه‌ندامه و له فه‌رمانده‌یی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ست به‌سه‌ره.
ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، (26ی ئایار/ مایۆی 2021)، كوردستان24 بڵاویكرده‌وه، دوای كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌كانی حه‌شد له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، هێزێكی ئه‌منی عێراق، قاسم موسڵیحی راده‌ستی فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبی كرد.
هاوكات مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، قاسم موسڵیح له لای هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌مێنێته‌وه تا لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا ته‌واو ده‌بێت.
قاسم موسڵیح تۆمه‌تباره به كوشتنی ئیهاب وه‌زنی، چالاكوانی مه‌ده‌نی له كه‌ربه‌لا و دایكی ئیهاب قاسم موسڵیح به تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له مه‌رگی كوڕه‌كه‌ی ده‌زانێت.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌ی مسته‌فا كازمی، قاسم موسڵیح تۆمه‌تباره به مادده‌ی چواری تیرۆر و له ئه‌گه‌ری ساغبوونه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كان له‌سه‌ری، سزای له‌سێداره‌دانه.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو دوای ده‌ستگیركردنی، چه‌كدارانی حه‌شد روویان له به‌غدا كرد و ده‌روازه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزیان گه‌مارۆدا.
له به‌رامبه‌ردا مسته‌فا كازمی جووڵه‌ی به سوپا كرد و تانك و زرێپۆشه‌كانی سوپای ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز كرد.
ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ هه‌ریه‌ك له فه‌رمانده باڵاكانی حه‌شدی شه‌عبی، له ناویاندا، هادی عامری و نه‌سار روبه‌یعی و ئه‌بو فدك و نوری مالكی و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی دیكه كۆبوونه‌وه و له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی گفتوگۆیان كرد.
دوای دانووستانی هه‌ردوولا لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكهێنرا بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له تۆمه‌ته‌كانی سه‌ر قاسم موسڵیح بكات.
لیژنه‌كه پێكهاتووه له فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، هه‌واڵگری ناوخۆ، هه‌واڵگری سه‌ربازی، ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی حه‌شدی شه‌عبی.
دواتر قاسم موسڵیح راده‌ستی ئه‌منی حه‌شدی شه‌عبی كرا بۆ ئه‌وه‌ی له لایان بمێنێته‌وه تا لێكۆڵینه‌وه ته‌واو ده‌بێت. به‌و پێیه‌ی حه‌شد له رووی یاساییه‌وه، هێزێكه له چوارچێوه‌ی سیسته‌می به‌رگری عێراقه و به یاسا رێكخراوه.
له به‌یاننامه‌كه‌یدا مسته‌فا كازمی، رایگه‌یاندبوو، "دیارده چه‌كدارییه‌كان كه له لایه‌ن گرووپه چه‌كدارییه‌كانه‌وه روویاندا، پێشێلكارییه‌كی مه‌ترسیداری ده‌ستووری عێراق و یاسا بهركارهكانن. فه‌رمانمان كردووه ده‌ستبه‌جێ و به گوێره‌ی یاسا لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌و جمووجووڵانه بكرێت".
دوای گواستنه‌وه‌ی قاسم موسڵیح بۆ باره‌گای سه‌ره‌كی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، لایه‌نگرانی حه‌شد له شه‌قامه‌كانی به‌غدا ئاهه‌نگیان گێڕا.
هاوكات فه‌رمانده‌كانی حه‌شد رایانگه‌یاندووه، چیدیكه قاسم موسڵیح ده‌ستگیركراو نییه و ئه‌و ئێستا له‌ناو براكانی خۆیدایه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌رپرسانی حه‌شد كابینه‌ی مسته‌فا كازمییان به‌وه تۆمه‌تبار كردووه، كه به كرێگیراوی ئه‌مه‌ریكایه و پێویسته ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه.
تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق و حكومه‌تی عێراق به ره‌سمی هه‌واڵی ئازادكردنی قاسم موسڵیحیان رانه‌گه‌یاندووه و ته‌نیا چه‌كدارانی حه‌شد و لایه‌نگران و كه‌ناڵه‌كانی سه‌ر به حه‌شد هه‌واڵی ئازادكردنی قاسم موسڵیحیان بڵاوكرده‌وه.