له‌سه‌ر وه‌رگرتنی 150 دۆلار له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكده‌هێنێت

ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رگیراوه‌ نابێت خودی گه‌شتیاره‌كه‌ بیدات

ده‌روازه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر
ده‌روازه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، له‌سه‌ر وه‌رگرتنی 150 دۆلار له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت كه‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر گه‌شتیكردووه‌، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكده‌هێنێت.

فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29ی ئایار/ مایۆی 2021، روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی وه‌رگرتنی بڕی 150 دۆلار له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، به‌ناوی (كامه‌ران مه‌حموود) له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی فڕۆكه‌وانی، ده‌ستبه‌جێ لیژنه‌یه‌كیان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ پێكهێناوه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا دووپات له‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه‌، دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ رای گشتی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، به‌وپێیه‌ی گه‌شتیاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، رێكاری تایبه‌ت به‌ خۆی بۆ دانراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌رخستنی بۆ ناو فڕۆكه‌، بۆیه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ سپێردراوه‌ به‌ به‌شی (Ground Handling Service) و بڕی پاره‌ی دیاریكراویش بۆ سه‌رخستنی گه‌شتیاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بۆ ناو فڕۆكه‌، ده‌بێت هێڵه‌ ئاسمانییه‌كان بیده‌ن به‌ به‌شی (Ground Handling Service)، نابێت ئه‌‌و پاره‌یه‌ خودی گه‌شتیاره‌كه‌ بیدات.