عێراق و ئێران لەبارەی بەردانەوەی ئاو گفتوگۆ دەکەن

چەند رۆژێک لەمەوبەر وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق سەردانی بەنداوی دوکانی کردووە

بەنداوی دەربەندیخان
بەنداوی دەربەندیخان

K24 - هەولێر

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، دوای کەمبووەنەوەی بەردانەوەی ئاو بە رێژەی 70٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەگەڵ ئێران دانوستان دەکەن.

مەهدی رەشید، وەزیری سەرچاوەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشدا "ئەمساڵ ئاو زۆر کەمە، هۆکاری سەرەکیشی بۆ کەمی بارانبارین و توانەوەی بەفری چیاکان دەگەڕێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەردانەوەی ئاو لە لایەن وڵاتانی دراوسێ هەبووە، بە تایبەت ئێران".

ئەم لێدوانەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دوای سەردانێکی بۆ بەنداوی دوکان دێت. راشیگەیاند، وەزارەتەکەی لەگەڵ لایەنی ئێران دەستی بە جووڵە کردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی هونەری لەسەر ئاستێکی باڵا بەڕێوەدەچێت، کە تەوەری سەرەکی بەردانەوەی ئاو بۆ بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و رووباری کارون لە باشووری عێراق دەبێت.