ھەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی و ھەرێم ئامادەییان دەربڕی بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە
گفتوگۆ کرا دەربارەى میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەى کەیاساى بودجە خستویەتییە سەرشانی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان. ھەردوولاش ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ جێبەجێ كردنی یاساكە
K24 – ههولێر:
شاندی باڵاى حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران لە بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەستپێکردووە، لەم چوارچێوەیەشدا دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 31/5/2021 ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتى هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلى عەلاوی وەزیرى دارایی عێراق کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا كە خالد شوانی و عهبدولحهكیم خەسرەو و سەمیر ھەورامی ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا دەربارەى میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەى کەیاساى بودجە خستویەتییە سەرشانی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان. ھەردوولاش ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ جێبەجێ كردنی یاساكە.
بڕیاریشە كۆبوونەوەیەكی دیكه بكرێت سەبارەت بە پرسی نەوت بۆ ئەوەی راپۆرتێكی ھاوبەش لەبارەی ئەو دۆسیەیەش ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت.
ئێوارەی دوێنی یەكشەممە وەفدی باڵای حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران گەیشتە بەغدا، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ دانانی میكانیزمی جێبەجێ كردنی یاسای بودجەی 2021.