له‌ دوو ساڵی رابردوودا 48 حاڵه‌تی تیرۆركردنی چالاكوانانی عێراقی تۆمار كراوه‌ و 32 چالاكوان كوژراوون

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا هاشتاگى "كێ ده‌مكوژێت" له‌ عێراق له‌ رێگه‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بره‌وی سه‌ندووه‌، له‌و هاشتاگه‌ پرسیاری "كێ ده‌مكوژێت؟" ئاراسته‌ى به‌شداربووان كراوه‌.

دیمه‌نی به‌ڕێكردنی ته‌رمی یه‌كێك له‌ چالاكوانه‌ تیرۆركراوه‌كان
دیمه‌نی به‌ڕێكردنی ته‌رمی یه‌كێك له‌ چالاكوانه‌ تیرۆركراوه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا هاشتاگى "كێ ده‌مكوژێت" له‌ عێراق له‌ رێگه‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بره‌وی سه‌ندووه‌، له‌و هاشتاگه‌ پرسیاری "كێ ده‌مكوژێت؟" ئاراسته‌ى به‌شداربووان كراوه‌.

له‌مباره‌وه‌ چالاكوانێكى سۆشیال میدیا رایگه‌یاندووه‌، له‌ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا دوو هه‌زار عێراقى له‌ رێگه‌ جیاوازه‌كانى تیرۆره‌وه‌ كوژراون، ئێمه‌ ده‌پرسین كێ ده‌مانكوژێت.

به‌پێى راپۆرتى نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق "یونامى" ، له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2019ه‌وه‌ تاوه‌كو مانگى رابردووى ئه‌مساڵ، 48 رووداوى تیرۆر كردنی چالاكوانان له‌ عێراق تۆمار كراوه‌، تا ئێستاش جێبه‌جێكارى ئه‌و تاوانانه‌ سزا نه‌دراون.

راپۆرته‌كه‌ى "یونامى" ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌ عێراق چه‌كدارانى نه‌ناسراو ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، به‌هۆیه‌وه‌ تا ئێستا 32 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، وێڕاى هه‌بوونى حاڵه‌تى ده‌ستگیركردنى بێ لێكۆڵینه‌وه‌.

"یونامى" له‌عێراقدا ده‌ڵێت: تا ئێستا 20 خۆپیشانده‌ر له‌لایه‌ن چه‌كدارانى نه‌ناسراو بێ سه‌رو شوێن كراون، بێ ئه‌وه‌ هه‌وڵ بدرێت شوێنه‌كانیان ئاشكرا بكرێت.

راشیگه‌یاندووه‌، ته‌نانه‌ت حكوومه‌تى عێراقى نه‌یتوانیووه‌ رێز له‌ ماڵباتى قوربانیان بنێت، به‌ مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى بكه‌رى ئه‌و تاوانانه‌ و جێبه‌جێكردنى یاسا به‌سه‌ر تاوانباران، حكوومه‌ت ته‌نیا خه‌ریكى ده‌ركردنى به‌یاننامه‌ و دروستكردنى لێژنه‌یه‌، بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئه‌نجامێكى هه‌بێت.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌ى "یونامى"،  لێكۆڵینه‌وه‌ى ده‌رباره‌ى 8163 كه‌یس كراوه‌، له‌نێویاندا 3897 دۆسیه‌ به‌ كراوه‌یی ماونه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌یانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، 783 دۆسیه‌ نێردراوه‌ بۆ دادگاى تاوان، 1122كه‌یسیش داخراون.