كوێستان محه‌مه‌د: سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای مافه‌كانی منداڵین
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی عێراقی به یه‌كێك له 10 وڵاته هه‌ره خراپه‌كه‌ی ژیان بۆ منداڵان وه‌سفكردووه
K24 – هه‌ولێر:
به گوێره‌ی ئاماری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان عێراق له ریزبه‌ندی 10 وڵاتی یه‌كه‌مه بۆ خراپی ره‌وشی ژیانی منداڵان و %37ی منداڵانی عێراق له هه‌ژاریدان. وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش رایگه‌یاند، چه‌ند كچێكی خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتان دوای 18 ساڵ خراونه‌ته سه‌ر شه‌قام و چاره‌نووسیان نادیاره.
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی عێراقی به یه‌كێك له 10 وڵاته هه‌ره خراپه‌كه‌ی ژیان بۆ منداڵان وه‌سفكردووه. به گوێره‌ی ئاماری ئه‌و رێكخراوه له هه‌ر 5 منداڵ دووانیان هه‌ژارن.
له عێراق و هه‌رێمی كوردستان منداڵان سواڵیان پێ ده‌كرێت و ده‌خرێنه ژێر كاری قورسه‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان هه‌رچه‌ند تا ئێستا یاسایه‌كی تایبه‌ت به پاراستنی مافی منداڵ نییه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هێڵێكی گه‌رمی بۆ پرسه‌كانی منداڵان ته‌رخان كردووه.
هێڵی گه‌رمی 116 تایبه‌ته به گه‌یاندنی سكاڵا و داوای هاوكاری به په‌له و به گوێره‌ی ئاماری فه‌رمی وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، 500 په‌یوه‌ندی راسته‌قینه به‌و هێڵه‌وه كراون.
له ئاماری وه‌زاره‌تدا روونكراوه‌ته‌وه، كه 18 په‌یوه‌ندی بۆ ده‌ستخۆشی بووه و 100 په‌یوه‌ندیان بۆ گه‌یاندنی زانیاری بووه و %25ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش تایبه‌ت بوونه به كێشه‌كانی قوتابخانه.
هه‌روه‌ها هاتووه: 3 هه‌زار و 978 منداڵ پشتیوانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیان بۆ دابین كراوه. له پێنج مانگی رابردووش‌دا ته‌نیا له هه‌ولێر 71 منداڵ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر كراوه.
سه‌باره‌ت به‌و پرسه، ئه‌مڕۆ (1ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021)، به بۆنه‌ی رۆژی جیهانی منداڵانه‌وه، كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی میوانی گه‌شتی كاتژمێر (06:00)ی كوردستان24 بوو.
كوێستان محه‌مه‌د ره‌تیكرده‌وه، ئه‌و ئاماره‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له باره‌ی عێراقه‌وه خستوویه‌تییه‌ڕوو، په‌یوه‌ست بێت به ره‌وشی منداڵان له هه‌رێمی كوردستان و گوتی: جیاوازی نێوان ره‌وشی منداڵان له هه‌رێم و عێراق زۆره.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له هه‌رێمی كوردستان به هۆی په‌تای كۆرۆنا و ره‌وشی داراییه‌وه ئاسته‌نگ بۆ ژیانی خێزانه‌كان درووست بووه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی منداڵان درووست كردووه.
له باره‌ی په‌نادانی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رایگه‌یاند، له پارێزگاكانی هه‌رێم خانه‌ی تایبه‌ت به منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت هه‌یه و له سلێمانی و دهۆكیش خانه‌ی تایبه‌ت به‌و منداڵانه هه‌یه، كه به هۆی په‌رته‌وازه‌بوونی خێزانه‌وه بێ جێگه ده‌مێننه‌وه.
له باره‌ی كێشه‌ی نه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ پاراستنی مافی منداڵان، كوێستان محه‌مه‌د ئاشكرایكرد، ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای مافه‌كانی منداڵ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و به هاوكاری یونیسێف هه‌وڵی داڕشتنی پڕۆژه‌كه ده‌درێت و دواتر ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی شورا ده‌كرێت و پاشان ده‌درێته ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ تاوتوێكردن و په‌سندكردنی به مه‌به‌ستی ناردنی بۆ په‌رله‌مان و ده‌رچواندنی وه‌ك یاسا.
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی روونیكرده‌وه، ئاساییه منداڵ له ته‌مه‌نی 15 تا 18 ساڵی هه‌ندێك كاری سووك بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده بێت بۆ قۆناغی هه‌ژده ساڵی، به‌ڵام وه‌ك وه‌زاره‌ت ناتوانن خێزانه‌كان ناچار بكه‌ن، كار به منداڵه‌كانیان نه‌كه‌ن.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرایكرد، له رابردوودا 88 هه‌زار خێزان له تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی مووچه‌یان وه‌رگرتووه و دوا مووچه له مانگی (ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری 2015) بووه، ئێستا كه ئه‌و مووچه‌یه نه‌ماوه زۆرێك له خێزانه‌كان كار به منداڵانیان ده‌كه‌ن.
گوتیشی: پێشنیازمان كردووه بۆ خه‌رجكردنی هاوكاری بۆ ئه‌و خێزانانه و ئه‌گه‌ر ره‌وشی دارایی یاریده‌ده‌ر بێت، هه‌ر خێزانێك له‌و تۆڕه سوودمه‌ند بێت پێویسته منداڵه‌كانیان ببه‌نه‌وه بۆ قوتابخانه و كاریان پێ نه‌كه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ئاشكرایكرد، چاره‌نووسی ژماره‌یه‌ك كچی خانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشتان دیار نییه، دوای ئه‌وه‌ی له خانه‌كه نه‌ماون.
له‌و باره‌یه‌وه گوتی: پێش ده‌ستبه‌كاربوونم وه‌ك وه‌زیر له كابینه‌ی نۆیه‌م، هه‌ر منداڵێك ته‌مه‌نی گه‌یشتبێته 18 ساڵ له خانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشتان دوور خراوه‌ته‌وه. ئه‌و كچانه‌ی كه بوونه‌ته 18 ساڵ خراونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی خانه‌كان و چاره‌نووسی چه‌ند كچێك دیار نییه.
گوتیشی: هه‌یه كه‌وتووه‌ته ده‌ست بانده‌كانی بازرگانی به مرۆڤ، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه نه‌ماوه و هیچ كچێك نانێردرێته ده‌ره‌وه‌ی خانه‌كه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌م كابینه‌یه‌دا هه‌وڵیانداوه، چه‌ند یه‌كه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه دابین بكرێت، كه له خانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشتان په‌روه‌رده ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی دوای 18 ساڵ تێیدا ژیان به‌سه‌ر به‌رن و روونیشیكرده‌وه، دا‌واشیان له خێرخوازان كردووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ند تاوه‌رێكیان له یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.