خه‌زعه‌لی: كازمی دوژمنداری حه‌شد ده‌كات
له دوا خۆپیشانداندا 2 كه‌س كوژراون، خۆ ئه‌وان قاسم موسڵیح نه‌یكوشتوون، كێ ئه‌وانی كوشت جگه له‌و هێزه‌ی سه‌ر به مسته‌فا كازمییه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مینداری بزووتنه‌وه‌ی "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق" ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ره‌خنه‌ی توندی له سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی گرت و به‌وه تۆمه‌تباری كرد، كه حكومه‌ته‌كه‌ی دوژمنایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات.
له چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "العهد"ی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌كه‌ی، خه‌زعه‌لی گوتی: ئێمه پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنی فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی ئه‌نبار و كه‌ربه‌لای حه‌شدی شه‌عبی، قاسم موسڵیح ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، له‌به‌ر چوارچێوه یاساییه‌كانی.
گوتیشی: تۆمه‌ته‌كان سه‌ره‌تا ئاراسته‌ی عه‌لی موسڵیح، برای قاسم موسڵیح كرابوون، به‌ڵام به "قودره‌تی قادر" و به هۆی ده‌ستوه‌ردانی ناوچه‌یی له ناو كه‌ربه‌لاوه، تۆمه‌ته‌كان گۆڕان و درانه پاڵ قاسم موسڵیح.
هه‌روه‌ها گوتی: به هۆی بوونی سكاڵای دایكی ئیهاب ئه‌لوه‌زنی له‌سه‌ر چوار كه‌س، كه یه‌كێكیان فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی كه‌ربه‌لا و دووه‌میان پارێزگاری كه‌ربه‌لا و سێیه‌میان هێزی ئاسایشی مه‌زارگه‌ی حوسێنی و چواره‌میان قاسم موسڵیح بوو، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، بۆچی ئه‌و سێ كه‌سه‌ی دیكه ده‌ستگیر نه‌كران و چۆن سكاڵاكه له سه‌ر عه‌لی گۆڕا بۆ قاسم.
خه‌زعه‌لی هه‌روه‌ها گوتی: له رووی كات و له رووی چۆنێتی ده‌ستگیركردنییه‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت رووداوه‌كه به ئامانجگرتنێكی سیاسییه و دوای یه‌ك رۆژ له خۆپیشاندانه‌كان دێت و دیاره كه ده‌ستگیركردنێكی سیاسی روون و ئاشكرایه، چونكه هێشتا كاتی ئه‌وه به‌رده‌ست نه‌بووه، یادداشتی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ربكرێت.
ئه‌مینداری عه‌سائیب گوتیشی: كه‌سێك ده‌بێته سه‌رۆك وه‌زیران مانای وا نییه ئیدی مه‌عسوومه و هه‌ڵه ناكات و ئیدی بووه‌ته ده‌وڵه‌ت و یاسا. ئه‌گه‌ر به‌و لۆژیكه كار بكه‌ین، ده‌روازیه‌كی گه‌وره و بوارێكی فراوان به رووماندا ده‌كرێته‌وه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ دیكتاتۆری و ده‌وڵه‌تی پۆلیسی.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كانه نه‌ك یاساكان. زۆرێك پۆستیان له وڵاتان وه‌رگرت و گۆڕیان بۆ پۆلیسی و دیكتاتۆری.
جه‌ختیشیكرده‌وه، حكومه‌تی كازمی سه‌لماندوویه‌تی رێچكه‌یه‌كی سیاسی بۆ دوژمنایه‌تی دامه‌زراوه‌ی حه‌شد گرتووه‌ته به‌ر.
هه‌روه‌ها گوتی: له رووی میدیاییه‌وه هه‌نگاوه‌كانی كازمی و ئه‌وه‌ی لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پارێزگاریكردنه له حه‌شد به راستیی، به‌ڵام دوژمنایه‌تی نێوان حه‌شد و كازمی له یه‌ك لایه‌نه‌وه‌یه، ئه‌ویش ته‌نیا سه‌رۆك وه‌زیرانه و دوژمنایه‌تی حه‌شد ده‌كات. چونكه حه‌شد دژایه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ده‌كات و سه‌رۆك وه‌زیرانیش پشتیوانی له مانه‌وه‌یان ده‌كات.
له باره‌ی كوژرانی خۆپیشانده‌رانیشه‌وه، خه‌زعه‌لی گوتی: له دوا خۆپیشانداندا 2 كه‌س كوژراون، خۆ ئه‌وان قاسم موسڵیح نه‌یكوشتوون، كێ ئه‌وانی كوشت جگه له‌و هێزه‌ی سه‌ر به مسته‌فا كازمییه. ئه‌وان خۆپیشانده‌ره‌كانیان كوشت.
پرسیاری ئه‌وه‌ی وروژاند، ئه‌ی بۆچی مسته‌فا كازمی لیژنه بۆ لێكۆڵینه‌وه له كوشتنی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه درووست ناكات، خوێنی ئه‌وان چی له خوێنی ئیهاب وه‌زنی كه‌متره. مه‌گه‌ر هه‌ر مرۆڤ نین.
قه‌یس خه‌زعه‌لی دووپاتیكرده‌وه، به ئامانجگرتنی حه‌شد له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه حه‌شد بڕوای وایه پێویسته هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به زه‌بری چه‌ك بكرێنه ده‌ره‌وه.
سه‌رنجیشی بۆ ئه‌وه راكێشا، قاسم موسڵیح سه‌ر به گرووپه وه‌لائییه‌كان نییه.
هه‌روه‌ها گوتی: سه‌رۆك وه‌زیران پێچه‌وانه‌ی یاسا ده‌جوڵێته‌وه، كه ده‌یه‌وێت رێگه به مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بدات.