دواى هه‌وڵی كوشتنی ده‌رمانسازێكی كورد دۆسیه‌ی چه‌ند تۆمه‌تبارێك بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ندیكای ده‌رمانسازانی عێراق به‌كار ده‌هێنرێت
ساڵی رابردوو، ده‌رمانسازێكی كورد، بازرگانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌رمانسازی عێراقیدا كردووه و بڕێكی زۆری پاره‌ی كه‌وتووه‌ته لای ده‌رمانسازه عێراقییه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی داوای پاره‌كه‌ی كردووه، هه‌وڵی كوشتن‌یان داوه
K24 – هەولێر:
ساڵی رابردوو، ده‌رمانسازێكی كورد، بازرگانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌رمانسازی عێراقیدا كردووه و بڕێكی زۆری پاره‌ی كه‌وتووه‌ته لای ده‌رمانسازه عێراقییه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی داوای پاره‌كه‌ی كردووه، هه‌وڵی كوشتن‌یان داوه و به سه‌ختی بریندار بووه و ئێستاش دۆسیه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كانی ئه‌و رووداوه بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ندیكای ده‌رمانسازانی عێراق به‌كار ده‌هێنرێت.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، د. عه‌مار زه‌نگه‌نه، رایگه‌یاند، ساڵی رابردوو، ده‌رمانم ره‌وانه‌ی عێراق كرد و په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌رمانساز هه‌بوو، دواتر پاره‌م كه‌وته لایان و ئه‌وان ئاماده نه‌بوون پاره‌كه‌م بۆ بگه‌ڕێننه‌وه.
گوتیشی: ئه‌و ده‌رمانسازه عێراقییانه داوایان كرد، بچمه به‌غدا و له رێی سوڵحی عه‌شائیرییه‌وه له بڕێكی پاره‌كه خۆش بم و كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت، له مانگی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020 چووینه به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كه‌یان دانیشتین، به‌ڵام نه‌گه‌یشتینه رێككه‌وتن. دواتر ئه‌وان به میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌قی هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كردین.
هه‌روه‌ها گوتی: دواتر له (4ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، داوایان كرد، له خانه‌قین یه‌كدی ببینین، چووم و له‌گه‌ڵیان دانیشتم، به‌ڵام ئه‌وان بیانوویان هێنایه‌وه و وتیان به‌جێت ده‌هێڵین چونكه هه‌واڵی مردنی خزمێكمان پێگه‌یشتووه و پرسه‌مان هه‌یه.
روونیشیكرده‌وه، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له خانه‌قین، ئه‌و كه‌سانه دوو كه‌سیان راسپاردبوو، به ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ ته‌قه‌یان لێكردم و به سه‌ختی بریندار بووم و ئێستاش به ده‌ست ئازاری برینه‌كانمه‌وه ده‌ناڵێنم.
د. عه‌مار زه‌نگه‌نه، باسی له‌وه كرد، سه‌ره‌تا له خانه‌قین سكاڵای له دژ ئه‌و ده‌رمانسازانه تۆمار كردووه، به‌ڵام داواكه‌ی كارا نه‌كراوه و هیچ رێكارێك نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر، دواتر له هه‌ولێر سكاڵای تۆمار كردووه و ئه‌و ده‌رمانسازانه‌ی به هه‌وڵدان بۆ كوشتنی تۆمه‌تبار كردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دادوه‌ر له هه‌ولێر فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركردن و به گوێره‌ی مادده‌ی (406)، بڕگه‌ی (31) داواكراوه‌كان له كه‌لار ده‌ستگیركران و ئێستا له ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان.
ئه‌و گه‌نجه كورده، وێڕای بڕوانامه‌كه‌ی، له بواری بازرگانی ده‌رماندا كاری كردووه و وێڕای هه‌وڵدان بۆ كوشتنی، بڕێكی زۆر پاره‌شی كه‌وتووه‌ته ده‌ست ئه‌و گرووپه ده‌رمانسازه‌ی عێراق.
د. عه‌مار زه‌نگه‌نه، سكاڵای له‌سه‌ر حه‌وت تۆمه‌تبار هه‌یه، تا ئێستا پێنج كه‌سیان ده‌ستگیركراوون. سه‌رجه‌میان تۆمه‌تبارن به هه‌وڵی كوشتن.
به گوێره‌ی گوته‌ی ئه‌و ده‌رمانسازه كورده، له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه، كه‌سوكاری ده‌ستگیركراوه‌كان هه‌وڵیانداوه به رێگه‌ی سوڵحی عه‌شائیری كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
د. عه‌مار ئاشكراشیكرد، بڕیار بووه، دووشه‌ممه‌ی رابردوو، هه‌ردوولا دابنیشن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه، به‌ڵام له ناكاو ئه‌وان پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه.
ئه‌و ده‌رمانسازه كورده سكاڵای هه‌یه و داواكاره لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هاوكار بن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانی و ته‌واوی تۆمه‌تباره‌كان رووبه‌ڕووی یاسا و دادگا بكرێنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، دۆسیه‌ی ئه‌و ده‌رمانسازه ده‌ستگیركراوانه، له سنووری پارێزگای دیاله و له ناو سه‌ندیكای ده‌رمانسازان وه‌ك دۆسیه‌یه‌ك بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی سه‌ندیكاكه به‌كار ده‌هێنرێت.
له ناو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی پارێزگای دیاله‌دا و سه‌ندیكای ده‌رمانسازانیش هه‌ریه‌ك به جۆرێك ده‌یانه‌وێت ئه‌و تۆمه‌تباره ده‌ستگیركراوانه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بگه‌ڕێننه‌وه بۆ سنووری پارێزگای دیاله و له‌وێ له رێی فشاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تۆمه‌تباره‌كان ئازاد بكه‌ن.
ئه‌و هاووڵاتییه كورده ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له سنووری پارێزگای دیاله سكاڵاكه‌یان فه‌رامۆش كردووه و ئێستا ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ناوچه‌یه و به‌دوای دۆسییه‌كه‌یه‌وه بێت له دادگا، بۆیه دژی ئه‌وه‌یه دۆسییه‌كه‌ی بگوازرێته‌وه بۆ دادگا عێراقییه‌كانی سنووری پارێزگای دیاله.
له ئێستادا نه‌قیبی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان و پارێزگای دیاله و لقی دیاله‌ی سه‌ندیكاكه هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ ئازادكردنی تۆمه‌تباره‌كان.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، رۆژی سێشه‌ممه (1ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021) شاندێكیان سه‌ردانی هه‌ولێری كردووه و له هه‌واڵ و ره‌وشی تۆمه‌تباره‌كانیان كۆڵیوه‌ته‌وه و له رێی په‌یجه‌كانیانه‌وه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه، به‌م زووانه كێشه‌ی ئه‌و "ده‌رمانسازانه‌ی دیاله" چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
پێشتر له به‌یاننامه‌یه‌كدا، لقی دیاله‌ی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان، كه رۆژی 23ی ئایاری 2021 بڵاویكردووه‌ته‌وه، "ئیدانه"ی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كانی له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، ئه‌و تۆمه‌تبارانه له (17ی ئایار/ مایۆی 2021)، له كه‌لار ده‌ستگیركراوون و داواش له نه‌قیبی سه‌ندیكای ده‌رمانسازانی عێراق كراوه، ده‌ستوه‌ردانی به په‌له و خێرا بكات بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و دۆسیه‌یه.
له به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌یدا، كه دوێنێ سێشه‌ممه (1ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021)، بڵاویكردووه‌ته‌وه، لقی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان له دیاله سوپاسی موسه‌ننا ته‌میمی پارێزگاری دیاله‌ی كردووه بۆ هه‌وڵه‌كانی له پێناو چاره‌سه‌ری دۆسیه‌ی ئه‌و تۆمه‌تباره ده‌ستگیركراوانه.
له به‌یاننامه‌كه‌ی دوێنێدا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شكراوه، پارێزگاری دیاله داوای كردووه، دۆسیه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه ره‌وانه‌ی پارێزگای دیاله بكرێته‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، نه‌قیبی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان و شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی ده‌ستگیركراوه‌كانیان كردووه و به بێ ئاگاداری به‌ڕێوبه‌ری بنكه‌ی پۆلیس وێنه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كانیان گرتووه و له په‌یجه‌كانی خۆیان بڵاویانكردووه‌ته‌وه.
عه‌مار زه‌نگه‌نه، نه‌یشارده‌وه، كه نیگه‌رانه له‌و كاره‌ی نه‌قیبی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان و داواشیكرد، به‌ڕێوبه‌ری بنكه‌ی پۆلیسی عه‌نكاوه، سكاڵا له دژی ئه‌و كه‌سانه بجوڵێنێت، كه وێنه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كانیان گرتووه و بڵاویانكردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها داوایكرد، دۆسییه‌كه له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كلا بكرێته‌وه و دووپاتیكرده‌وه، كه ناتوانن بچنه باقووبه و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاماده‌بوون له‌به‌رده‌م دادوه‌ر و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كه‌یان.