ژنێك بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر به جه‌سته‌ی منداڵه‌كه‌ی ده‌كات
لە رێگه‌ی جه‌سته‌ی كۆرپه‌له له‌بارچووه‌كه‌یەوە ماددەی هۆشبەری گواستووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
دایكێك بۆ بازرگانیكردن بە مادده‌ی هۆشبه‌رەوە، كۆرپه‌له 8 مانگییه‌كه‌ی ناو سكی له بارچواندووە و دواتریش به جه‌سته‌ی كۆرپه‌كه‌یەوە، كه هێشتا مانگێكی مابوو بێته سه‌ر دنیا، بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ری کردووە.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی سووریا، ڤیدیۆی دانپێدانانی ئه‌و ژنه‌ی بڵاوكرده‌وه و تێیدا دان به‌وه‌دا ده‌نێت، کە ماوه‌ی پێنج ساڵه ئاڵوده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر بووه کەسەرەتا له هاوسه‌ره‌كه‌یەوە فێربووه، دواتریش به‌وه نه‌وه‌ستاون و بازرگانیان به مادده‌ی هۆشبه‌ریش كردووه، له جۆری هیرۆیین و كۆكایین.
دانپێدانانی ئه‌و ژنه ته‌واوی سووریای هه‌ژاندووه کە تیایدا ئاشكرای كردووه، كاتێك سكی 8 مانگ بووه، چووه‌ته ده‌رمانخانه و ده‌رمانی له‌بارچوونی كۆرپه‌له‌ی وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆرپه‌له‌كه‌ی ناو سكی له‌بار ببات، كه ته‌نیا یه‌ك مانگی مابوو بێته ژیانەوە.
به گوێره‌ی دانپێدانانه‌كه، به‌وه‌نده‌ش نه‌وه‌ستاوه، به‌و پێیه‌ی دوای ئه‌وه‌ی كۆرپه‌له‌كه‌ی به مردوویی له دایكبووه، له نه‌خۆشخانه هێناویه‌ته‌وه و نه‌یداوه‌ته لایه‌نی ته‌ندروستی و نه‌خۆشخانه تا به‌خاكی بسپێرن، به‌ڵكو جه‌سته‌كه‌ی بۆ مه‌به‌ستی بازرگانیكردن و گواستنه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له نێوان دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا و ده‌وروبه‌ری به‌كارهێناوه.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، كه جه‌سته‌ی كۆرپه مردووه‌كه‌ی له‌ناو به‌فرگر داناوه، بۆ ئه‌وه‌ی زیاد له جارێك به‌كاریبهێنێت و مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ناو جه‌سته‌ی بشارێته‌وه، دوای هه‌ر ئاڵوگۆڕێك و هێنان و بردنی ئه‌و ماددانه، جه‌سته‌ی منداڵه‌كه‌ی خستووه‌ته به‌فرگر بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه به‌كاریبهێنێته‌وه.