ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و سوپای عێراق بۆ سەر داعش دەستیپێکرد

لە چەند قۆڵێکەوە هێرش دەکرێتە سەر چەکدارانی داعش
چەند دیمەنێکی ئۆپەراسیۆنەکە
چەند دیمەنێکی ئۆپەراسیۆنەکە

K24 – هەولێر

هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە پشتیوانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دژی داعش لە ناوچەی داودەی گەرمیان دەستپێکرد.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان گوتی: "ئەو ئۆپەراسیۆنە لە کاتژمێر 4:30ی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و لە چەند قۆڵێکەوە هێرش دەکرێتە سەر چەکدارانی داعش لە سنوورەکانی چیای غەڕە و گوندی بەلەگە و زنانە".

گوتیشی: "هێزی پێشمەرگە تونێلێکی داعشی کۆنترۆڵ کردووە کە بۆمب تێدا دروستکردووە و ئۆمبێلیان لێ بۆمبڕێژکردووە، هەروەها پێشمەرگە گەیشتووەتە قوڵایی ئەو شوێنانەی کە داعش چەند ساڵێکە وەک پەناگە بەکاری دێنن".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "ئەو ناوچەیەی کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە، گۆڕێکی بە کۆمەڵی لێیە، تەرمی ئەو کەسانەی لێیە کە لەلایەن داعش رفێنراون و کوژراون".

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان  له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان له‌ ناوچه‌ی داوده‌ هێرشێكی هاوبه‌شیان كرده‌سه‌ر چه‌كدارانی داعش، و ژماره‌یه‌ك داعش كوژران.

پەیامنێرمان راشیگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەی داودەی گەرمیان بە چڕی چەکدارانی داعش بۆردومان دەکەن و هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەشدارن لەو ئۆپراسیۆنە. بەپێی زانیارییەکانیش زیانێکی زۆر بەر چەکدارانی داعش کەوتووە.

بە گوێره‌ی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی بەلەگە و غەڕە و تاوێرک چەندین ھاوڵاتی بێتاوانیان کوشتووە و لە گۆڕی بە کۆمەڵدا شاردراونەتەوە و ناوچەی نێوان کفری و خورماتووشیان کردووەتە پەناگەیەکی ئارام.