نێچیرڤان بارزانی: مامۆستایانی ئایینی دەتوانن رۆڵی ئەرێنیی لە پتەوکردنی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بگێڕن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی زانایان کۆبووەوە

کۆبوونەوەی نێچرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
کۆبوونەوەی نێچرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

K24 – هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "مامۆستایانی ئایینی رۆڵ و کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆمەڵگە و ئاراستەکردنی هەیە و لەمبارەوە دەتوانن رۆڵی ئەرێنیی خۆیان لە پتەوکردنی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و ناتوندوتیژی و ڕەتکردنەوەی توندڕەویدا بگێڕن".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 8\6\2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئامادەی بوو، رۆڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و تەبایی و یەکترقبووڵکردنی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان و بیری نیشتمانپەروەری و ئایینپەروەری، بەرز هەڵسەنگێنرا.

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەپێناو یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و لە هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستووردا دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست، هەروەها دەستووریان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و رەچاوکردنی ئایینی ئیسلام وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داڕشتنی و رێزگرتن لە تایبەتمەندیی ئایینەکانی دیکە و ئازادییەکانیان بە پێویست زانی بە شێوەیەک ئایین نەکرێتە بابەتێکی سیاسی.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی ئایینییە، بۆیە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵ و کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆمەڵگە و ئاراستەکردنی هەیە و لەمبارەوە دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنیی خۆیان لە پتەوکردنی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و ناتوندوتیژی و ڕەتکردنەوەی توندڕەویدا بگێڕن.

هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، کارەکانی بۆردی وتاری ئایینی، دۆخ و گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی و خوێندنی ئایینی لە کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.

کۆبوونەوەی نێچرڤان بارزانی لەگەڵ یەکێتیی زانایان
کۆبوونەوەی نێچرڤان بارزانی لەگەڵ یەکێتیی زانایان
کۆبوونەوەی نێچرڤان بارزانی لەگەڵ یەکێتیی زانایان
کۆبوونەوەی نێچرڤان بارزانی لەگەڵ یەکێتیی زانایان