داواکاری گشتی ئیمارات وردەکاری رووداوەکەی فڕۆکەی فڵای دوبەی بڵاوکردەوە

داواکاری گشتیی ئیمارات رایگەیاند، یاریدەدەری فڕۆکەوانی گەشتێکی کۆمپانیای فلای دوبەی بەڕەگەز عومانی، پیلانی دانابوو بە کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکە و کێشانی بە تێرمیناڵی سەرنشینانی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ، هێرشێکی خۆکوژیی گەورە ئەنجام بدات، بەڵام لە ئاسماندا رێگری لێکراوە و پیلانەکەی پووچەڵ کراوەتەوە.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەمەد سەیف شامسی، جێگری داواکاری گشتیی ئیمارات، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، رووداوەکە لە 30ی ئەیلوولی 2026 لە گەشتی ژمارە (FZ1073)ی هێڵی ئاسمانیی فلای دوبەی روویداوە، لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەڤیڤ بەڕێکەوتبوو. تۆمەتبارەکە گەنجێکی 29 ساڵانی خەڵکی عومانە و وەک یاریدەدەری فڕۆکەوان کاری کردووە.

لە کاتی گەشتەکەدا، تۆمەتبار لە نێو ژووری فڕۆکەواندا لەناکاو و بە تەوری فریاگوزاری هێرشی کردووەتە سەر کاپتنی فڕۆکەکە بە مەبەستی کوشتنی و دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەکە. کاپتنەکە سەرەڕای برینداربوونی لە سەریدا، بەرەنگاری بووەتەوە.

لەو کاتەدا، فڕۆکەوانێکی دیکەی هەمان کۆمپانیا کە لە گەشتەکەدا سەرنشین بووە، لە نزیک ژووری فڕۆکەوان هەستی بە کرانەوە و داخرانی نائاسایی دەرگاکە کردووە؛ بۆیە بە کۆدی نهێنی دەرگاکەی کردووەتەوە و بینیویەتی هێرش دەکرێتە سەر کاپتنەکە. دەستبەجێ بە هاوکاریی کارمەندێکی خزمەتگوزاری و چەند سەرنشینێک هێرشبەرەکەیان بەستووەتەوە و کۆنترۆڵی فڕۆکەکەیان کردووەتەوە، پاشان فڕۆکەکە بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی شاری تەبووک لە سعوودیە نیشتەوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تۆمەتبار لە ساڵی 2017ەوە لە سەردەمی خوێندنی لە شاری مێلبۆرنی ئوسترالیا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بیری توندڕەوی و تەکفیری. لەوێ لە ژێر کاریگەریی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001ی ئەمریکا، بڕیاری داوە بچێتە بواری فڕۆکەوانی تا رۆژێک لە رێگەی فڕۆکەوە هێرشێکی هاوشێوە ئەنجام بدات.

تۆمەتبارەکە، دانی بەوەدا ناوە کە بۆ ئامادەکاریی دەروونی و جەستەیی، مەشقی تایبەتی بۆکسێنی کردووە و هاتوچۆی ناوەندێکی کردووە لە ئوسترالیا کە لەلایەن کەسێکی بەڕەگەز لوبنانی بە ناوی ئەبو حەمزە بەڕێوەبراوە و گومانی هەبوونی پەیوەندی بە ئیخوان موسلمینەوە لێدەکرێت.

تۆمەتبار لە ساڵی 2020 تا 2024 لە هێڵی ئاسمانیی عومان، دواتر بۆ چەند مانگێک لە هێڵی پاشایەتیی مەغریب، و لە کانوونی دووەمی 2026ەوە لە فلای دوبەی دەستی بە کار کردووە. لە کاتی وەرگرتنیدا سەرجەم مەرج و پشکنینە ئەمنییەکانی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە بەبێ ئەوەی هیچ گومانێکی لەسەر بێت.

پێشتر لە دوو گەشتی دیکەدا بۆ تەلئەڤیڤ، چاودێریی وردی رێڕەوەکە و فڕۆکەخانەکەی کردووە، تا لە گەشتی سێیەمدا هێرشەکە جێبەجێ بکات و فڕۆکەکە بکێشێت بە تێرمیناڵی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن بە ئامانجی دروستکردنی زۆرترین قوربانیی مرۆیی.

جێگری داواکاری گشتیی ئیمارات پشتڕاستی کردووەتەوە کە کاپتنی فڕۆکەکە برینی قورسی لە سەریدا هەیە و لە ژێر چارەسەردایە؛ هەروەها لە کاتێکدا تۆمەتبار دەڵێت بە تەنیا پیلانەکەی داڕشتووە، لێکۆڵینەوەیەکی چڕ بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی هەر هاوبەش یان پەیوەندییەکی نهێنیی ئەم هێرشە.