كونسوڵی به‌ریتانیا: ده‌مانه‌وێت هه‌رێم سه‌قامگیر بێت و نیگه‌رانین له‌و په‌لامارانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر پێشمه‌رگه
پێشوازی له بڕیاره‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ین، كه یه‌كه‌ی هه‌شتای پێشمه‌رگه‌ی خسته ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هیوادارین ئه‌و بڕیاره‌ش له یه‌كێتی ببینین
K24 – هه‌ولێر:
كونسوڵی به‌ریتانیا له هه‌ولێر، جه‌یمس سۆرنتن، رایگه‌یاند، ئێمه ماوه‌ی 30 ساڵه لێره‌ین و كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌قامگیرتر بێت و هێزی پێشمه‌رگه یه‌كبخرێته‌وه و پێشوازی له بڕیاره‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ین، كه یه‌كه‌ی هه‌شتای پێشمه‌رگه‌ی خسته ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هیوادارین ئه‌و بڕیاره‌ش له یه‌كێتی ببینین. هه‌روه‌ها گوتی: هێرشكردنه سه‌ر پێشمه‌رگه و په‌لاماره‌كانی سه‌ر هه‌ولێر و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی نیگه‌رانمان ده‌كات.
له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24دا، كونسوڵی به‌ریتانیا له هه‌ولێر، جه‌یمس سۆرنتن له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی فه‌رهاد ره‌سوڵ، بێژه‌ری سه‌ره‌كی ژووری هه‌واڵ، گوتی: سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو، پابه‌ندی به‌ریتانیا به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پیشان ده‌دات. ئێمه 30 ساڵ پێش ئێستا له ده‌ركردنی بڕیاری 688 به‌شدار بووین. دوای 30 ساڵ هێشتا لێره‌ین. ده‌مانه‌وێت هه‌رێمێكی گه‌شه‌سه‌ندوو و سه‌قامگیر ببینین. ئه‌مه په‌یامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، دۆمینیك راپ بوو.
گوتیشی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمه‌كه به گشتیی دۆستێكی باشی به‌ریتانیان. ئێمه بینیمان كه هه‌رێمێكی كاریگه‌ر و دۆستێكی باش و نزیكی ئێمه‌یه. ئه‌وه‌ی له هه‌رێم هه‌یه له شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق نییه، وه‌ك بوونی حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی به‌هێز و ئاسایش. ده‌مانه‌وێت ئه‌م هه‌رێمه وه‌ك هه‌رێمێكی ئۆتۆنۆم بمێنێته‌وه، له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا. ده‌مانه‌وێت هاوكارییه‌كانمان به‌رده‌وام بێت. هه‌ر بۆیه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له به‌غداوه هاته هه‌رێم. زۆرجار سه‌ردان ده‌كات، به‌ڵام سه‌ردانی پایته‌خته‌كانی دیكه ناكات، به‌ڵام ئه‌مجاره هاته هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.
جه‌یمس سۆرنتن، له باره‌ی په‌لاماره‌كانی سه‌ر هه‌ولێر و گرنگی سه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێم بۆ به‌ریتانیا گوتی: ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌رێم سه‌قامگیر بێت. هه‌ر نه‌ته‌وه و ناوچه‌یه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به ئاشتی بژیت. هێرشكردنه سه‌ر پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان، نیگه‌رانمان ده‌كات. نیگه‌رانی ئه‌وه‌ین داعش په‌لاماری هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه ده‌دات. هه‌وڵده‌ده‌ین په‌یوه‌ندیی نێوان دامه‌زراوه‌كان به‌هێز بكه‌ین. ئێمه له‌سه‌ر چاكسازی پێشمه‌رگه كارده‌كه‌ین. له رووی په‌روه‌رده و راهێنانی پێشكه‌وتووی ئه‌فسه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق هاوكارین.
سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانی رێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌و كونسوڵه‌ی به‌ریتانیا گوتی: ئه‌م پرۆسه‌یه ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌ستیپێكردووه. له 2019ه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و له 2016ه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ببێته هێزێكی یه‌كگرتوو، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم بێت، نه‌ك حزبه‌كان، ئه‌مه به‌هێزكردن و یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه. دوێنێ راگه‌یه‌ندراوێك هه‌بوو، له لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، كه هێزی 80ی خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، هیوادارین ئه‌م بڕیاره‌ش له لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه ببینین. ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت، كورد به یه‌كگرتوویی به‌هێزتر و كاریگه‌رترن، ئه‌مه هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
له باره‌ی بایه‌خ و گرنگی بوونی سوپایه‌كی یه‌كگرتووی پێشمه‌رگه، نوێنه‌ره‌كه‌ی به‌ریتانیا له هه‌ولێر گوتی: ده‌مانه‌وێت پێشمه‌رگه كاریگه‌ر بێت، داعش له‌ناو به‌رێت، هه‌ڕه‌شه ئه‌منییه‌كان له‌ناو ببات. هێشتا داعش له‌ناو نه‌چووه، پێمان خۆشه ئه‌و سه‌نته‌ره هه‌ماهه‌نگیانه‌ی له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق درووست بووه، به‌رده‌وام بن، چونكه هێشتا داعش له‌ناو نه‌چووه.
گوتیشی: پێشمه‌رگه و سوپای عێراق پێویستیان به هه‌ماهه‌نگی زیاتره، ئه‌و سه‌نته‌ره هاوبه‌شانه گرنگن، هه‌وڵی باش ده‌بینین، به ئاراسته‌ی كاركردنی زیاتری هه‌ردوولا، ئه‌وه‌مان پێ باشه. چونكه داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه، راسته ناوچه‌یان له ژێر ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماوه، به‌ڵام تیرۆریسته‌كان ماون، نابێت رێگه بدرێت بگه‌ڕێنه‌وه.
له باره‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن، به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا ده‌یانه‌وێت عێراقێكی نوێ درووست بكه‌نه‌وه و میلیشیاكان رێگرن، جه‌یمس سۆرنتن گوتی: ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا پشتیوانی عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه بنێن. ده‌مانه‌وێت عێراق و دامه‌زراوه‌كانی به‌هێز بن، له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراق هه‌نگاو بنێت، ده‌مانه‌وێت حكومه‌ت له هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت و میلیشیاكان ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بێت، دواجار حكومه‌تی عێراق و عێراقییه‌كان به ئازادانه له ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. ده‌مانه‌وێت عێراق ئابوورییه‌كی هه‌مه‌چه‌شنی به‌هێزی هه‌بێت، ئاسایشی ناوخۆی هه‌بێت، خه‌ڵك بتوانن بێ ترس بژین.
له باره په‌یوه‌ندی بازرگانی و ئابووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌ولێر، گوتی: ئێمه هانی كۆمپانیاكانمان ده‌ده‌ین بێنه ئێره، به تایبه‌تی كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت. زۆر گرنگه كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان بێنه ئێره و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. ده‌مانه‌وێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر سه‌رنجڕاكێش بێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی، من له ئه‌فریقا و ئه‌مه‌ریكای باشوور بووم، پێشبڕكێیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی، لێره ده‌رفه‌تی زۆر هه‌یه. هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌وه‌یه سه‌رنجی زیاتری بیانییه‌كان رابكێشێت.
ئه‌و كونسوڵه‌ی به‌ریتانیا بۆچوونی خۆی له باره‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراق ده‌ربڕی و گوتی: هیوادارم هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت و ئێمه پشتیوانی له بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد و روون بن، بزانین خه‌ڵكی عێراق چۆن ده‌نگ ده‌دات، هیوادارم ده‌نگه‌كان بۆ ئه‌و لایه‌نانه بچن، كه ئازایانه و سه‌ربه‌خۆیانه خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.