هێرشی مووشه‌كی كرایه سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی به‌له‌د و فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا
سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی عێراق، بڵاویانكرده‌وه، كه‌مێك پێش ئێستا ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك و كاتیۆشا ئاراسته‌ی بنكه‌ی ئاسمانی به‌له‌د له باكووری به‌غدا كران.
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی عێراق، بڵاویانكرده‌وه، ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك و كاتیۆشا ئاراسته‌ی بنكه‌ی ئاسمانی به‌له‌د له باكووری به‌غدا كران. دوای كه‌متر له كاتژمێرێكیش دوو مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی ڤیكتۆریای تایبه‌ت به سوپای ئه‌مه‌ریكا له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كران.
له ناوه‌ند و بنكه سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له ته‌واوی عێراقدا زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه لێدراوه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق، هێرشه مووشه‌كییه‌كان زیانی گیانیان لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌و هێرشه مووشه‌كییه دوای ئه‌وه دێت، ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، دۆمینیك راب به سه‌ردانێك گه‌یشته به‌غدا.
هاوكات هێرشه‌كه چه‌ند كاتژمێرێك دوای ئه‌وه روویداوه، كه قاسم موسڵیح، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی حه‌شد له ئه‌نبار، له لایه‌ن فه‌رمانده‌یی گشتیی ئۆپراسیۆنه‌كانی عێراقه‌وه ئازاد كرا و له ئه‌نبار پێشوازی لێكرا، له كاتێكدا ناوبراو تۆمه‌تبار بوو به پیلاندانان بۆ هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا، قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌منیداری گشتیی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌هدی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌كه‌ی رایگه‌یاندبوو، هۆكاری فشار و دژایه‌تییه‌كانی عه‌سائیب ئه‌وه‌یه، كه بڕوایان وایه پێویسته به هێزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكرێته ده‌ره‌وه.