هه‌رێمی فلانده‌رز: ئاماده‌ین بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
"هێزی پێشمه‌رگه رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان"

K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی فلانده‌رزی به‌لجیكا رایده‌گه‌یه‌نێت، له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یان یامبۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی فلانده‌رز و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌خت له پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كان و هاوكاری نێوان هه‌ردوولا له بواری ئابووری كراوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رز، كه گه‌وره‌ترین هه‌رێمی به‌لجیكایه، سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، بۆ شه‌ڕكردن له دژی داعش و گوتی: "سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ هه‌وڵه‌كانی له شه‌ڕی دژی داعش، هێزی پێشمه‌رگه یارمه‌تیده‌رێكی سه‌ره‌كی و رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان له‌سه‌ر ئه‌وروپا".
وه‌ك له هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شكراوه، هه‌ردوولایه‌ن ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له بواری ئابووری به‌هێزتربكه‌ن و گفتوگۆ له باره‌ی دۆخی ناوچه‌كه و سه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ش كراوه.