ئێران دوو كه‌شتی ره‌وانه‌ی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی كرد و ئه‌مه‌ریكا چاودێریان ده‌كات
ئه‌گه‌ر ئێران چه‌ك له رێی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی بگوازێته‌وه، سزای زیاتری به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڕه‌شه‌ی له ئێران كرد و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئێران چه‌ك له رێی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی بگوازێته‌وه، سزای زیاتری به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت.
نید برایس، له كۆنفرانسێكی میدیاییدا، دوێنێ پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وێت ئێران له رێی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سییه‌وه به كه‌شتیی چه‌ك ده‌گوازێته‌وه، ئه‌وا ئێمه ئاماده‌ین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی و سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ری دا.
گوتیشی: بۆ به‌رگرتن له‌و "پێشێلكاریانه‌ی" ئێران ئێمه ئاماده‌ین، رێككاری جیا بگرینه‌به‌ر، به تایبه‌تی سزای زیاتری به‌سه‌ردا بسه‌پێنین و هه‌موو ئه‌وانه‌ش سزا بده‌ین، كه یارمه‌تی ئێران ده‌ده‌ن.
پێشتر یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری هه‌ماهه‌نگی جه‌نه‌راڵ حه‌بیبوڵڵا سه‌ییاری رایگه‌یاند، كه‌شتییه‌كانی سه‌هه‌ند و مه‌كران، چوونه‌ته ئاوی نێوده‌وڵه‌تی له زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی و به‌ره‌و باكووری زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی ئاراسته‌یان گرتووه‌ته به‌ر و له هیچ به‌نده‌رێك له‌نگه‌ر ناگرن.
له 29ی ئایاری رابردوودا، رۆژنامه‌ی پۆلیتیكۆ بڵاویكردبوویه‌وه، ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ئاگادارن، كه دوو كه‌شتی ئێرانی له زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی به‌ره‌و ئامانجێك به‌ڕێوه‌ن و ئه‌گه‌ر زۆره روویان له ڤه‌نزوێلا بێت.