تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كوشتنی هاووڵاتییه‌كی سلێمانی ده‌ستگیركرا
ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله دزراوه‌كه‌دا گیرا
K24- سلێمانی:
دوای ئه‌وه‌ی هاووڵاتیه‌كی شاری سلێمانی به‌ناوی (عوسمان حه‌مه‌سه‌عید) له‌لایه‌ن سێ كرێكاری عه‌ره‌ب كوژرا و ئۆتۆمبێله‌كه‌شی له جۆری لاندكروزه‌ر دزرا، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی رووداوه‌كه ده‌ستگیركرا و ئۆتۆمبێله دزراوه‌كه‌ش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سلێمانی بڵاویانكرده‌وه، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ (دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق - ژوورى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى بەغداد - پۆلیسى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین)، توانیویانه ناسنامە و شوێنى دانیشتنى تۆمه‌تباری یه‌كه‌م ده‌ستنیشان بكه‌ن، به‌ناوی (س. ح. ح. ت) لە دایکبووى ساڵى 1998 تکریت.
دوای ده‌ستنیشانكردنی شوێنی نیشته‌جێبوونی له شاری تكریت، توانراوه تۆمه‌تباره‌كه ده‌ستگیربكرێت و ئۆتۆمبێله دزراوه‌كه‌ش ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تۆمه‌تباره‌كه ماوه‌ی 3 مانگه هاتووه‌ته شاری سلێمانی و له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌رده‌وام وه‌ك كرێكار، كاری بۆ هاووڵاتییه كوژراوه‌كه (عوسمان حه‌مه سه‌عید) كردووه.
ئێستا تۆمه‌تباری یه‌كه‌می رووداوه‌كه، بەفەرمانى دادوەر راگیراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەدا گیراوە و لێکۆڵینەوەش لە کەیسەکە بەردەوامە.
H.B